زیندانیی بۆکان - وێنە: socialmedia
ئامارەکە هی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوە
مانگی نیسان 31 کوردی رۆژهەڵات رفێندراون
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
مانگی نیسانی ئەمساڵ 31 هاوڵاتی شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە رفێندراون. ئامارەکە هی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوە.
بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، زیاتر لە 16 حاڵەتیان لە ماڵەوە رفێندراون و ئەوەکانی تریش لە سەرشەقام و شوێنی کار و کاتی بانگکردنیان بۆ لێپرسینەوە دیارنەماون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کە رێکخراوێکی تایبەتە بە چاودێری مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوێنێ سێشەممە 2.5.2023 لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، 22 هاوڵاتی بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری حیزبە کوردستانییەکان، دوو هاوڵاتی بە هۆی چالاکی مەزهەبی و هاوڵاتییەک بە هۆی چالاکی مەدەنی رفێندراون.
ئاماژە بەوەش کراوە، لەناو رفێندراوەکان دوو ژن، مێردمنداڵێکی خوار 18 ساڵ، دوو مامۆستای قوتابخانە و دوو پزیشک هەن.