نزار مه‌حرووس ده‌بێته‌ راهێنەری یانه‌ی زاخۆ

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

تۆڕی 964 ده‌زانێت یانه‌ی زاخۆ له‌گه‌ڵ راهێنه‌ری ناسراوی سوری نزار مه‌حرووس گفتوگۆی كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌شقی تیپه‌كه‌ وه‌ربگرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ ئیداره‌ی یانه‌ی زاخۆ به‌ تۆڕی 964ی وت، ته‌نیا رێككه‌وتنی فه‌رمی ماوه‌ و نزار مه‌حرووس مه‌شقی یانه‌ی زاخۆ وه‌رده‌گرێت، هه‌روه‌ها دڵشاد ئه‌حمه‌د، كه‌ له‌ یانه‌ی هه‌ولێر كاری له‌گه‌ڵ مه‌حروس ده‌كرد، ده‌بێته‌ یاریده‌ده‌ری.

یانه‌ی زاخۆ هێشتا به‌ فه‌رمی ئه‌م هه‌واڵه‌ی رانه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، هه‌ردوولا رێككه‌وتوون و له‌ یاریی داهاتووشدا سه‌ركردایه‌تی تیپه‌كه‌ ده‌كات، كه‌ به‌رامبه‌ر یانه‌ی كاره‌بایه‌.

یانه‌ی زاخۆ شه‌ش یارییه‌ هیچ بردنه‌وه‌یه‌كی له‌ خولی عێراق به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌، دوای شكستی یاریی رابردووش به‌رامبه‌ر كه‌ربه‌لا، حه‌یده‌ر عه‌بدولئه‌میری راهێنه‌ری تیپه‌كه‌ ده‌ستی له‌ كار كێشایه‌وه‌.

ئێستا یانه‌ی زاخۆ بارودۆخی خراپه‌ و له‌ پله‌ی 16یه‌ و 27 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ ناوچه‌ی دابه‌زین بۆ پله‌ یه‌ك نزیكه‌.

نزار مه‌حرووسی سووری، راهێنه‌ری پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی سووریا بوو، هه‌روه‌ها دوو قۆناغی جیاواز مه‌شقی به‌ یانه‌ی هه‌ولێر كردووه‌، دواجاریان له‌ كۆتاییه‌كانیی وه‌رزی رابردوو كاری له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌ كرد و له‌ دابه‌زین بۆ پله‌ یه‌ك رزگاری كرد، به‌ڵام ئه‌م وه‌رزه‌ دوای دوو یاری، له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی دوورخرایه‌وه‌.