شەشەم شکستە لەم وەرزە

لاوانی یانەی نەورۆز لەسەر شکستەکانی بەردەوامە

964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
لە یاریگای خۆی تیپی لاوانی یانەی نەورۆز رووبەروی کارەبا بۆوە و یارییەکەشی پێ دۆراند.
یارییەکانی جەولەی 11 ـی خولی تۆپی پێی لاوانی یانە پلە نایابەکانی عێراق دەستی پێکرد، لەسەر یاریگای زانکۆ یانەی نەورۆز میوانداری کارەبای کرد.

نیوەی یەکەم یاریزانانی خاوەن یاریگا باشتر دەرکەوتن و چەند جارێک نزیک بوون لە هەژاندنی تۆری تیپی میوان، بەڵام بەپێچەوانەی ئاستی یارییەکە لە هێرشێکدا ئەمیر بەها، گۆڵی یەکەمی بۆ کارەبا تۆمار کرد.

تایمی دووەم، هەر لەسەرەتاوە یانەی نەورۆز بە مەبەستی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە هاتنەوە نێو یاریگا، بەڵام ئەنجامەکە وەک خۆی مایەوە و لاوانی نەورۆز تووشی شەشەم شکست هات.

سەبارەت بە ئەنجامە خراپەکانی ئەم چەند یارییەی رابردوو، کامەران عەلی راهێنەری لاوانی نەورۆز تایبەت بە 964 وت، لە یارییەکاندا یاریزانەکانمان ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکەن، بەڵام ناتوانن سوود لەو هەڵە زۆرانە وەربگرن کە لە یارییەکاندا دروستی دەکەن، هەربۆیە ئێمە دەبێت بۆ یارییەکانی داهاتوو کار لەسەر ئەو لایەنە بکەین.

یانەی لاوانی نەورۆز، بە کۆی 10 خاڵ لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی خولەکە دێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق