ئەگەر سویچی سەیارەكەت بدەیتە دەست منداڵەكەت چ سزایەك دەدرێت

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر
هەر منداڵێك ئۆتۆمبێلی باوكی لێبخورێت و بەهۆیەوە تووشی رووداوی هاتووچۆ ببێت، باوكی سزادەدرێت.

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت، ئەمە حاڵەتێكی مەترسیدارە، لە ماوەی ئەم ساڵدا پێنج  حاڵەتی لەو شێوەیە تۆمار كراوە، ئەم كارە سزایەكی هەیە.

دوێنێ چوارشەممە، لە گەڕەكی مامزاوەی هەولێر، منداڵێكی بچووك سویچی ئۆتۆمبێلەكەی باوكی دەكەوتێە دەست و ئۆتۆمبێلەكەیان دەباتە دەرەوە و لێیدەخوڕێت.

منداڵەكە بە خێرایەكی زۆر ئۆتۆمبێلەكە بە بەگ لێدەخوڕێت و خۆی دەكێشێت بە ماتۆڕسكیلێك و چەند ژنێکدا و ژنەکان و شۆفێری ماتۆڕەكەش بە سەختی بریندار دەبن.

تۆڕی964 پرسیاری لە فازڵ حاجی كرد، ئەو منداڵە و خاوەنەكەی چۆن سزا دەدرێت؟

فازڵ حاجی وتی، ئەگەر باوكی منداڵەكە سویجی سەیارەكەی دابێتە دەست منداڵەكە ئەوا پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ باوكی دەكرێتەوە و رادەستی دادوەر دەكرێت بۆ لێكۆڵینەوە و سزادان.

بەڵام ئەگەر منداڵەكە بە سەربەخۆ سویچی سەیارەكەی بردبێت بەبی پرس و سەیارەكەی لێخوڕیبێت، ئەوا باوكی منداڵەكە و خاوەنی ئۆتۆمبێلەكە ناچار دەكرێن بە قەرەبووكردنەوەی قوربانیەكان و پێبژاردنی زیانەكان، چ گیانی بێت یان ماڵی.

لە ماوەی رابردوودا چەندان جار رووداوی بەو شێوەیە بووە، هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، تەنیا زیانی ماددی هەبووە، ئەوەش كاریگەرییەكی خراپی لەسەر رێگە و بانەكان دروستكردووە، داوا لە دایك و باوكان دەكەم، ئۆتۆمبیلەكانیان بە دووربگرن لە منداڵەكانیان، فازڵ حاجی وای وت،

ئامارەكانی رووداوەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستاندا بەردەوام لەزیادبووندان، بە پێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رۆژانە دوو كەس بە رووداوی هاتوچۆ دەمرن و سێ كەسیش بریندار دەبن.