منداڵێكی كورد له‌ سودان گیانى له‌ده‌ستداوه‌..

زۆربه‌ى كورده‌كانى خه‌رتووم ئاواره‌ بوون

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌هۆى ئه‌و دۆخه‌ى ئاڵۆزه‌ى ماوه‌ى زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌، له‌ وڵاتى سودان روویداوه‌، به‌شێكی زۆرى كورده‌كانى ئه‌و وڵاته‌ له‌ خه‌رتومی پایته‌خته‌وه‌ ئاواره‌ى ویلایه‌ته‌كانى دیكه‌ى سودان بوون، كوردێكی سودانیش ده‌ڵێت “دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و هێوربوونه‌وه‌ ده‌چێت”.

زیاتر لە هەفتەیەكە لە پایتەختی سودان شەڕ و ئاڵۆزى  لە نێوان سوپای سودان بە سەرۆكایەتی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەكانی پاڵپشتی خێرا بە سەرۆكایەتی محەمەد حەمدان دەقلۆ، ناسراو بە حەمیدەتی به‌رده‌وامه‌، ئه‌و دۆخه‌ى ئێستا دواى چه‌ند كوده‌تایه‌ك دێت كه ‌له‌ رابردوو له‌ وڵاته‌ روویانداوه‌.

مه‌سعه‌ب كوردی، كوردێكی سودانه‌ و له‌ ویلایه‌تى قه‌زاریف ده‌ژیت، به‌ 964ـى وت، به‌هۆى ئه‌و دۆخه‌ نائارامه‌ى كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو به‌شێكی سودانى گرتووه‌ته‌وه‌، خه‌ڵكێكی زۆر به‌تایبه‌تیش له‌ خه‌رتومی پایته‌خته‌وه‌ ئاواره‌ بوونه‌.

“ژماره‌یه‌كی زۆر خێزانى كورد له‌ خه‌رتووم خزم و كه‌سی ئێمه‌ن، ئێستا ئه‌وان هه‌ندێكیان له‌ لاى ئێمه‌ له‌ قه‌زاریفن و به‌شێكی تریشیان به‌ره‌و ویلایه‌ته‌كانى كیندی و جه‌زیره‌ و ئوم ده‌رمان، ئاواره‌ بوونه‌”

وتیشی “له‌ناو ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئاواره‌یه‌، كوردیش هه‌ن و به‌شێكی زۆرى ئه‌و كوردانه‌ش ئاواره‌ى چه‌ند ویلایه‌تێكى سودان بوونه‌”.

مه‌سعه‌ب ده‌شڵێت “ژماره‌یه‌كی زۆر خێزانى كورد له‌ خه‌رتووم خزم و كه‌سی ئێمه‌ن، ئێستا ئه‌وان هه‌ندێكیان له‌ لاى ئێمه‌ له‌ قه‌زاریفن و به‌شێكی تریشیان به‌ره‌و ویلایه‌ته‌كانى كیندی و جه‌زیره‌ و ئوم ده‌رمان، ئاواره‌ بوونه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌كاتى جێهێشتنى خه‌رتووم منداڵى یه‌كێك له‌ خێزانه‌ كورده‌كان به‌ناوى ئه‌یمه‌ن كوردى، به‌ رووداوى هاتووچۆ گیانى له‌ده‌ستداوه‌”.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ى كه‌ ئه‌و كورده‌ى سودان به‌ 964ـى وت، ته‌نها له‌ خه‌رتومی پایته‌خت نزیكه‌ى 16 هه‌زار كورد ده‌ژین و له‌ ویلایه‌تى قه‌زاریفیش زیاتر له‌ 20 هه‌زار كورد هه‌ن.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، یه‌كه‌مین دانپێدانانى فه‌رمی له‌ لایه‌ن وڵاتى سودانه‌وه‌، ساڵى 2018 بوو، كه‌ تێیدا راشد عەبدولڕەحیم، گه‌وره‌ راوێژكاری وڵاتى سودان له‌ باڵیۆزخانه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ میسر، ده‌ڵێ “له‌ سودان ژماره‌یه‌كی زۆری عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌ى ناسراوى كوردی هه‌ن و له‌ زۆر بواری جیاوازدا كار ده‌كه‌ن، له‌وانه‌ش له‌ بواری بازرگانی و پیشه‌سازی ”.

“ته‌نها له‌ خه‌رتومی پایته‌خت نزیكه‌ى 16 هه‌زار كورد ده‌ژین و له‌ ویلایه‌تى قه‌زاریفیش زیاتر له‌ 20 هه‌زار كورد هه‌ن”

ئه‌و راوێژكاره‌ سودانیه‌ له‌ میانه‌ى دیدارێكدا، كه‌ له‌ مانگی نوڤمبه‌ری ئه‌و ساڵه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌، ئه‌و كوردانه‌ى له‌ سودان هه‌ن، پێشتر له‌ وڵاتانى‌ عێراق و سوریا و به‌شێكیشیان له‌ توركیاوه‌ هاتوون، ده‌شڵێت “ئێمه‌ و برا كورده‌كان هه‌میشه‌ له‌ په‌یوه‌ندیی باشداین و  تێكه‌ڵاوی كۆمه‌ڵایه‌تى و ژنخوازیشمان له‌ نێواندا هه‌یه‌” .

به‌پێی دوایین راپۆرتى رێكخراوی تەندروستی جیهانیش، ژمارەی كوژراوانی پێكدادانەكانی سودان بۆ 420 كەس بەرزبووەتەوە، كە 264 كەسیان مەدەنی بوون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گه‌یشتووه‌ته‌ سێ هەزار و 700 كەس.