پارێزگای هەولێر:

لە جەژندا 63 هەزار گەشتیار رووی لە هەولێر کردووە و 24 تاوانیش ئەنجامدراون

964+

فەرمان سادق

لە سێ رۆژی جەژندا، زیاتر لە 63 هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای هەولێر کردووە و هاوکات 24 تاوانیش ئەنجامدراون کە 20 تاوان ئاشکرا بووە. پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: لانەکە وەکوخۆی و بە سەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا.

راگەیەندراوێک لە نووسینگەی پارێزگاری هەولێر:

بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ سێ رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، بە سەرپەرشتی بەڕێز پارێزگاری هەولێر، لەلایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگای هەولێر بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتیانی سنووری پارێزگاکەمان ئامادەکاری بۆ کرابوو، پلانەکە وەکوخۆی و بە سەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا.

ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیار و رووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵیش، لە سنووری پارێزگاکەمان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:

یەکەم/ گەشتوگوزار:
سەبارەت بەپلانی گەشتوگوزار، بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، وەک دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابین کردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەکان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاران بۆ ئەوەی ھاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی هەر رووداوێك یان گیروگرفتێك. هەروەها دابینکردن و دانانی ئاوی خواردنەوە و پێدانی شیرینی و رێنمایی پێویست بە گەشتیاران لە دەروازەکانی شاری ھەولێر و پێکھێنانی لیژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە رەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەواو بە گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان، ئەمە جگە لە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم رێستوڕانتەکان و پێدانی رێنمایی لە کردنەوەی ریستۆرانتەکانیان بۆ پیشوازیکردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆز و چاودێریکردنی نرخ لە بنکە گەشتیارییەکان. ژمارەی ئەو گەشیارانەشی تەنیا لە رۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێر پایتەختیان کردووە بریتی بوو لە 63 هەزار و 592 گەشتیار.

دووەم/ ئاسایشی هەولێر:
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرا بوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.

سێیەم/ پۆلیس:
سەبارەت بە پلانی ئەمنی و ئامادەباشی هێزە ئەمنییەکان، بە بەشداری سەرجەم هێزەکان لە هەموو بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو لە هەرسێ رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، ئاماری تاوانەکانیش لە رۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، (24) تاوان تۆمارکراوە، (20) تاوان ئاشکراکراوە، (4) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.

چوارەم/ هاتووچۆ:-
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ رۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بە رێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، چوار رووداوی هاتوچۆ روویاندا و لە ئەنجامیاندا سێ کەس برینداربوون و یەک کەسیش بەداخەوە گیانی لەدەستدا.

پێنجەم/ بەرگری شارستانی:
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆز لە ئەرک دابوون، لەو ماوەیشدا حەوت حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیش لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیان لێنەکەوتۆتەوە.

وێڕای دەستخۆشیمان لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و سەرجەم هێزە ئەمنیەکان و ئاسایشى بازگەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی شارەوانی و ژینەگەپارێزان لە سەرجەم قایمقامیەت و ناحییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە سێ رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆز، جارێکی تر هاوڵاتیانی خۆشەویستی هەولێر دڵنیا دەکەینەوە، وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین و بەهەموو توانایەکمانەوە بەپشت بەستن بە توانا و چاوکراوەیی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ، شەو رۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان.

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر