3500 تووشبوو لە کوردستان هەن
چارەسەری تالاسیما کرایە خۆڕایی
964+
فەرمان سادق
لەمەبەولا تووشبووانی تالاسیما لە نەخۆشخانە حکومییەکان بێبەرامبەر چارەسەر دەکرێن، وتەبێژی کۆمەڵەی تالاسیمای هەولێریش دەڵێت: خەرجی هەر مانگێکمان بۆ دەرمان دەگاتە 100 هەزار دینار.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19.4.2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کە تووشبووانی تالاسیما لە نەخۆشخانە حکومییەکان بە سەنتەرەکانی دڵ و تیشکیش، بێبەرامبەر چارەسەر وەربگرن.
ژمارەی تووشبووانی تالاسیما لە کوردستان دەگاتە نزیکەی 3500 نەخۆش، لەم ژمارەیە سەرووی 1250 نەخۆشی بە تەنیا لە شاری هەولێرە کە نزیکەی 300 تووشبووی ئاوارەن.
بەپێی بەدواداچوونێکی 964، ماوەی چەند مانگێکە هیچ تووشبووێکی تالاسیما لە سەنتەری تالاسیمای هەولێر چارەسەری وەرنەگرتووە، هەروەها لە سەنتەری دڵ و پشکنینیش تاوەکو 30%ـی داشکانیان بۆ کراوە.
دیارترین چارەسەر کە پێویستە بە بەردەوام بدرێت بە تووشبووانی تالاسیما، دەرزی ڤیسترا و حەبی کلڤەرە.
سروە عەلی، وتەبێژی کۆمەڵەی تالاسیمای هەولێر وێڕای سوپاسگوزاری بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی بە 964ـی وت، پێشتر بە بەردەوام ئەو داواکارییەمان لە وەزارەتی تەندروستی و حکمەتی هەرێم کردووە کە پێویستە چارەسەریان بەخۆڕایی بێت وەک بارسوکیەک بۆ خانەوادەی تووشبووانی تالاسیما.
دەشڵێت: لە هەندێک نەخۆشخانە بە رێژەی 25 بۆ 30%ـی داشکانمان بۆ کراوە، بەڵام ماوەی چەند مانگێک دەبێت هیچ چارەسەرێک بە تووشبووانی تالاسیما لە سەنتەری تالاسیما نەدراوە، دەڵێن دەرمان نییە.
بە قسەی وتەبێژی کۆمەڵەی تالاسیمای هەولێر بێت، نرخی هەر پاکەتێکی دەرزی ڤیسترا دەگاتە 100 هەزار و پاکێتی حەبی کلڤەر دەگاتە 50 هەزار دینار.
سروە عەلی دەشڵێت: زۆرجار خێرخوازان دەرمانیان بۆ دابین کردووین.
وتەبێژی کۆمەڵەی تالاسیمای هەولێر داواشدەکات کە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکانیش تاوەک رێژەی 50% لە جارەسەر و دەرمان داشکانیان بۆ بکرێت.