گوندی خەزێنەی باڵەکایەتی داوای کارەبای نیشتمانی و جادەی قیر دەکەن
964+
ئاسۆ وەرتی – چۆمان
ماوەی 32 ساڵە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان نەگەیشتووەتە گوندی خەزێنە، ئەوان داوای کارەبای نیشتمانی و جادەی قیرتاو دەکەن. بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ دەڵێت: ئەمساڵ خزمەتگوزارییەکانیان پی دەگات.
گوندی خەزێنە، دەکەوێتە دەڤەری باڵەکایەتی و ماوەی چەندین ساڵە کارەبایی نیشتمانی، جۆگەی ئاودێرییان نییە و رێگایەکەشیان بۆ قیرتاو نەکراوە.
خەڵکی گوندەکە دەڵێن، چەندینجارە ئەو داواکاریەیان بە لایەنە پەیوەندارەکان داوە بەڵام بێ ئەنجام بووە.
بیلال حەسەن بە 964ـی وت “گوندەکەمان بێبەشە لە هەموو خزمەتێک بەتایبەت کارەبای نیشتیمانی و جادە و جۆگەی ئاودێری، چەندینجار داوامان لە بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە کردووە و وەڵام نەدراوینتەوە.
دەشڵێت: مۆڵەتی دوو مانگمان بە حکومەت داوە، لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی داواکانمان فشاری مەدەنی بەکاردێنن.
گوندی خەزنە، هەر کێشەی خزمەگوزاری نییە، بەڵکو وەک خۆیان باسی دەکەن بەردەوام مەترسی فرۆکە جەنگەکانی تورکیایان لەسەرە و خەڵکەکە لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین.
دڵشاد سمیلانی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ بە وەکالەت بە 964ـی وت “سەبارەت بە داواکاریەکانی گوندەکە ئێمە لە پلانماندایە ئەمساڵ دەستبکەین بە خزمەتگوزاری گوندەکانی سنووری ناحیەی قەسرێ.
زیاتر وتیشی “بودجەی تایبەت تەرخانکراوە تایبەت بە ئاوەدانکردنەوە و چاککردنی رێگاوبانی گوندەکانی ئەو ناوچەیە”.
گوندی خەزێنە، سەر بە ناحیەی قەسرێیە و دەکەوێتە سنوری قەزای چۆمان لە دەڤەری باڵەکایەتی، نزیکەی 20 ماڵ دەبێت دانیشتووانەکەی سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵدارین.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق