ئەمڕۆ حکومەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کۆدەبێتەوە

964+
هاوبەش ئەبوبەکر
كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكان بانگهێشتكراون بۆ ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، کۆببنەوە و تاوتوێی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بکەن.

ئاژانسی رۆیتەرز رۆژی دووشەممە لە زاری سەچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، هەردوو لایەن گفتوگۆ دەکەن لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، مەرج و رێساکانی دیاریکردنی نرخی فرۆشتنی نەوتی خاو لە رێگەی سۆمۆوە، میکانیزمی پێشنیارکراوی پێدانی قەرزی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان و پشکی ئەوان لە فرۆشتنی هەناردەکردنی نەوتی داهاتوودا.

بە وتەی ئەو سەرچاوانەی کە قسەیان بۆ ئاژانسەکە کردووە، حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان پرسە تەكنیكییە بنەڕەتییەكانیان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهانی توركی چارەسەر كردووە.

سەرەڕای هەوڵەکان، بەڵام “كاتی دەسپێكردنەوەی نەوتی هەرێم روون نیە، هێشتا تۆپەكە لەگۆڕەپانی توركیادایە”.

دوای بڕیارێکی دادگای ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، تورکیا لە 25ی ئازاردا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەندەری جەیهان راگرت.
دادگای ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی بڕیاریداوە کە دەبێت تورکیا بە بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبووی بەغدا بکاتەوە بۆ هەناردەکردنی بێ مۆڵەت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018.

بەغدا و هەولێر لە رۆژی 4.4.2023 رێككەوتنێكیان واژوكرد بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.