کارگەی عەلەفی ئاژەڵان لە شێخان- وێنە: 964+
دوو کارگەی عەلەفی ئاژەڵان لە شێخان کرانەوە
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
ئەمرۆ یەکشەممە دوو کارگەی عەلەفی ئاژەڵان لە سنوری قەزای شێخان کرانەوە، یەکێکیان لە گوندی رێلوک و ئەویتر لە گوندی شکەفتهندیان.
هەردوو کارگەگە لەلایەن کۆمپانیایەکی بواری بەرهەمهێنانی نەوت بە هاوکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دروستکراون، کارگەکان رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی دوو تۆن عەلەفیان هەیە.
نەجمەدین عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی چاندن لە قەزای شێخان بە 964ی وت، “بە ئامادەبوونی قایمقامی شێخان و نوێنەری کۆمپانیای گوڵ بێستون دوو کارگەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی عەلەفی فرێش لە سنوری قەزای شێخان کرانەوه.
964 دەزانێت، کارگەی گوندی شکەفتهندیان توانای بەرهەمهێنانی بۆ عەلەفی سەوز رۆژانە 600 تا 700 کیلۆیە، ئەوەیتر لە گوندی رێلوک رۆژانە هەزار 200 کیلۆ بەرهەم دەهێنێت، پار ساڵیش کارگەیەکی تری عەلەف لەسنوری شێخان کرایەوە.
نەجمەدین عەبدوڵا وتیشی، “ئەو عەلەفەی ئەو دوو کارگەیە بەرهەمی دەهێنن لە جۆری سەوزە و بەشێوەی فرێشە، لە رووی زانستییەوە سوودێکی زۆر دەگەینێتە ئاژەڵان.”
لەسنوری قەزای شێخان نزیکەی 340 هەزار سەر ئاژەڵ هەن، زۆرینەیان مەڕ و بزن و مانگان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی