شۆفێران گلەییان لە رێگای دۆڵی بالیسان هەیە

964+

ئاکام غەفور

کاتژمێر 5ی بەیانیە، لەگەڵ شۆفێری بارهەڵگرێکدا کە رۆژانە بەم رێگایەی دۆڵی بالیساندا هاتوچۆ دەکات سەرکەوتووم، دەستمان بە دەمەتەقێ کرد و رێڕەوی قسەکان کەوتەوە سەر خراپی رێگاکە.

من و شۆفێرەکە هەردوکمان بێ ویستانە دەبوو بەم بەر و بەو بەردا بکەوین، چونکە چاڵ و چۆڵی رێگاکە بارهەڵگرەکەی دەخستە لەرزە.

ئەوەندەی 964 ئاگادار بێت، هاوڵاتیانی دەڤەرەکەش یاسن لە دەست خراپی ئەم رێگایە، رایان وایە لەوەتەی دروستکراوە نۆژەن نەکراوەتەوە بەڵكو هەر پینەکراوە.

لە ئێستادا بەشێکی رێگاکە پڕۆژەیەکی بۆ دەرچووە بە گوژمەی سێ ملیار و 660 ملیۆن و 225 هەزار دینار، بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2022وەوە، تەنیا قیرەکەی هەڵکەندراوە و تاوەکو ئێستا کارکردن لە پرۆژەکە دەستی پێنەکردووەتەوە.

بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان هۆکاری دواکەوتنی پرۆژەکەی بۆ زستانە تەڕ و پڕ بارانەکەی ئەمساڵ گەڕاندەوە.

رێگای بالیسان لە چوارڕیانی دۆڵی ئالانە تاوەکو شارەدێی شکارتە 45 کیلۆمەترە، دهۆک بە سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ئیدارەی راپەڕین و قەزای شەقڵاوە دەبەستێتەوە.