لیژنەیان پێکهێناوە
دەستەی مافی مرۆڤ: بەدواداچوونی جدی بۆ هێرشکردنە سەر پارێزەرەکە دەکەین
964+
فەرمان سادق
لەسەر کەیسی هێرشکردنە سەر پارێزەرەکەی هەولێر دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت، بەدواداچوونی جدی دەکەین.
دوای ئەوەی شەوی رابردوو پارێزەرێک لە هەولێر دەڕفێندرێت و پاش ئەشکەنجەدانێکی زۆر، سەری دەتاشن و پاشان لە میدیاکان هەواڵەکە بڵاو دەبێتەوە و دەزگا فەرمییەکانیش رایانگەیاند ئەو کەسانەی هێرشی کردووەتە سەر پارێزەرەکە، کاسانی ناسراون و ناتوانن لە یاسا رابکەن.
دەستەی مافی مرۆڤ لەسەر هێرشەکە دێتە دەنگ و دەڵێت: بەدواداچوونی جدی دەکەین.
دەستەی مافی مرۆڤ کەمێک پێش ئێستا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت:
سەبارەت بە ئەشكەنجەدان و سوكایەتیكردن بە پارێزەرەكەی هەولێر
بەرەبەیانی رۆژی 15.4.2023، لەشاری هەولێر چەند كەسێك هێرشیان كردە سەر پارێزەرێك و رفاندیان، جگە لە سوكایەتیكردن بە ناوبراو كە سەریان تاشیووە بە وتەی پارێزەكە ئەشكەنجەش دراوە.
ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە توندی ئیدانەی ئەم كارە نامرۆڤانە دەكەین و شەرمەزاری دەكەین، داواكاریشین هەرچی زووە بكەرانی كردەوەكە دەستگیر بكرێن و رادەستی یاسا بكرێن بۆ ئەوەی هیچی دی حاڵەتی وا ناشارستانی بەرامبەر بە هاوڵاتیان دووبارە نەبنەوە.
ئێمە لە دەستەی مافی مرۆڤ بەدواداچوونی جدی بۆ ئەم بابەتە دەكەین و لێژنەیەكیش پێكدەهێنرێت لە دەستە بۆ بەدواداچوون لە كەیسەكە تا گەیشتنە ئەنجام.
هەر ئەمرۆش بەرێزان دكتۆرە مونا یاقو سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ/ كوردستان و فەیزواڵا محەمەد راوێژكاری دەستە سەردانی پارێزەری ناوبراویان كرد لە نەخۆشخانە بۆ دڵنیا بوونەوە لە تەندروستی ناوبراو و ئاگاداربوونی كەیسەكە لە نزیكەوە
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ
15ی نیسانی 2023