بەنەشتەرگەریی دراوێکی ئاسنیان لە قوڕگی منداڵێک دەرهێنا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – رانیە
منداڵێکی شەش ساڵان لە رانیە دراوێکی ئاسنی هەزار ریاڵی ئێرانی قوت دەدات و لە سورێنچکی گیر دەبێت، ناچار کەسوکارەکەی بۆ دەرهێنانەوەی دراوەکە پەنا بۆ پزیشک دەبەن.
شەوی هەینی لەلایەن تیمێکی نەشتەرگەری سنگ و دڵ و بۆرییەکانی خوێن و تیمی بێهۆشکار لە نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە، دراوە ئاسنەکە لە سورێنچکی منداڵەکە دەرهێنرا و لە مردن رزگاری بوو.
د. رەوەند عەبدولرەحمان ئەو پزیشکەی کە نەشتەرگەری بۆ منداڵەکە ئەنجامداوە بە 964+ی راگەیاند، منداڵەکە لەکاتی یاریکردن بە دراوەکە ئەو رووداوەی بەسەر هاتووە و هەرچەندە رێڕەوی هەناسەدانی نەگرتبوو بەڵام دەکرا ببێتە هۆی گیانلەدەستدان.
دەشڵێت لە رێگەی نازوور و لە ماوەی نیو کاتژمێر نەشتەرگەرییەکەی کردووە و ئەو ئامێرە پزیشکییەی کە پێویست بوو بۆ نەشتەرگەرییەکە لە نەخۆشخانە نەبووە و خۆی دابینی کردووە.
“حکومەت ئامێری نازۆڕی سورێنچکی منداڵانی بۆ نەخۆشخانەی فێرکاری رانیە دابین نەکردووە و ناچار خۆم ئامێرەکەم لەنێو ئۆتۆمبێلەکەم هێنا و نەشتەرگەرییەکەمان پێکرد،” د. رەوەند عەبدولرەحمان پسپۆڕی نەشتەرگەری سنگ و بۆرییەکانی خوێن وای وت.