پارێزگای هەولێر: پڕۆژەکان کاریگەرییان هەبووە لەسەر دروست نەبوونی لافاو
964+
فەهمی نەبی
پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئەو پڕۆژانەی بۆ ئاوەڕۆیی هەولێر دروستکراون، هۆکار بووە بۆ ئەوەی لافاو لەو شارە دروست نەبێت.
بەپێی ئاماری کەشناسی بێت لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، بەراورد بە سێ پارێزگاکەی تری هەرێم، هەولێر کەمترین رێژەی باران بارینی لێ تۆمارکراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە پارێزگای هەولێر، لە لاپەڕەی فەرمی پارێزگا ئەو هەواڵەی بڵاوکردەوەتەوە.
پارێزگای هەولێر، نمونەی دوو پڕۆژەی هێناوەتەوە وەک هۆکاری دروستنەبوونی لافاو، ئەو دوو پڕۆژە ئاوەڕۆیە لە پیرزین جێبەجێکراون، بڕی 305 ملیۆن و 263 هەزار دیناری بۆ خەرجکراوە، پڕۆژەکان دروستکردنی ئاوەڕۆیی لولەیی بوونە.
بەپێی ئەو بەدواداچوونە بێت کە 964 کردوویەتی، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، لە سەنتەری پارێزگای هەولێر هیچ حاڵەتێکی لافاو دروست نەبووە، هاوکات بەراورد بەسێ پارێزگاکەی تری هەرێم رێژەی کەمتری باران بارینی لێ تۆمارکراوە.
دەزگای کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاندووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، لە پارێزگای هەولێر 27.1 ملیم باران باریوە، لە پارێزگای دهۆک 30.4 ملیم و لە پارێزگای سلێمانی 90.3 ملیم و لە پارێزگای هەڵەبجە 49.7 ملیم باران باریوە.