لە گوندێکی قەزای ئاکرێ
“لە ترسی لافاو گیانی لە دەستداوە”
964+
عەمار عەزیز-دهۆک
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندێکی قەزای ئاکرێ، هاوڵاتییەکی تەمەن 50 ساڵە، بە وتەی کەسوکارەکەی لە ترسی لافاو جەڵتە لێیدا و گیانی لەدەست دا.
ئەو هاوڵاتییەی گیانی لەدەستداوە، ناوی مستەفا موسایە، شوانکاری کردووە، خەڵکی گوندی کۆزاداری قەزای ئاکرێیە.
ئیسماعیل میرۆ ئەحمەد، کوڕی خاڵی ئەو هاوڵاتییەیە، بۆ تۆڕی 964 وتی “رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ بوو، بارانێکی بەخوڕ دەباری، لەپڕ مستەفا گەڕایەوە ناو گوند، هێندەی نەبرد جەڵتە لێیدا”.
بە وتەی ئیسماعیل، ئەو هاوڵاتییە ترسێکی زۆری لە دروستبوونی لافاو هەبووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو رێگەی گوندەکە بۆ ئاکرێ داخراوە و نەیانتوانیوە بیگەیەننە نەخۆشخانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12.4.2023 بەهۆی هاتنی شەپۆلی بارانێکی بەخوڕ، بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی ئاستەنگ و بەرزبونەوەی ئاستی ئاو بوون، بەگوێرەی دەزگای کەشناسی هەرێم لە قەزای ئاکرێ 25.4 ملیم باران باریوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی