خانووە زیادەڕۆکانی کفری تاپۆ دەکرێن
+964
میلاد جەلال – کفری
بە پێی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ رێکخستنەوەی ئەو زیادەڕۆییانەی کراونەتە سەر موڵکی گشتی، خانووە زیادەڕۆکانی قەزای کفری تاپۆ دەکرێن، سەرۆکی شارەوانیش دەڵێت، ئەو خانووانەی بونەتە بەربەست دەڕووخێندرێن و قەرەبوو دەکرێنەوە.
لە قەزای کفری نزیکەی 10 ھەزار خانوو ھەیە، بە رێژەی 90% خانووەکانی تاپۆن و تەنیا 10% تاپۆ نەکراون.
ئەو خانووانەی کێشەیان نییە، دوای جەژنی رەمەزان دەست بە مامەڵەی تاپۆکردنیان دەکرێت و ئەوانەشی کێشەیان ھەیە، لە قۆناغێکتردا کار دەکرێت بۆ رێکخستنەوەیان، سەرۆکی شارەوانی قەزای کفری وای وت.
تۆڕی 964 زانیویەتی، ھەریەک لە گەڕەکەکانی قەسابخانەی کۆن و باوەشاسوار، کە زیادەڕۆن، گرفتی نەبوونی نەخشەیان ھەیە، کە ژمارەیان نزیکەی 60 خانووە.
عەلی خورشید سەرۆکی شارەوانی قەزای کفری بە تۆڕی 964 وت، سەرقاڵی ڕووپێویکردنن بە درۆن، بۆ ئەوەی نەخشە و پلان بۆ گەڕەکەکان دابنرێت، دەشڵێت، “ئەو خانصوانەی دەبنە بەربەست بۆ مۆڵکی گشتی و گەڕەکەکان، خانووەکانیان دەڕووخێندرێت و لە جێگایەکی دیکە بە پارچە زەوییەکی 200 مەتری قەرەبوو دەکرێنەوە”
قەزای کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیانە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 38 ھەزار کەس دەبێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا