سەگ ببە شەڵتەر و پارە وەرگرە

964+

كاروان ساڵحی – كەركوک

کەرکوک خۆی ئامادە دەکات بۆ کردنەوەی یەکەم شەڵتەری لەخۆگرتنی سەگی بێلانە، قایمقامیەتی شارەکەش دەڵێت، هەر کەسێک سەگ بباتە شەڵتەرەکە سێ هەزار دیناری پێدەدرێت.

بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوو بۆ یەكەمجار لە كەركوك شەڵتەرێك بۆ لەخۆگرتنی سەگە بێلانەكان بكرێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە قایمقامیەتی شارەکە پێیوایە سێ هەزار سەگ لە سەنتەری شاری کەرکوک هەبن.

هاوڕی رەحمان زەنگەنە، سەرۆكی لیژنەكانی قایمقامیەتی كەركوك بە 964ـی وت، تاوەكو ئێستا 60 سكاڵای فەرمی لەلایەن دامودەزگا حكومیەكان تۆماركراوە و ئاڕاستەی لیژنە هاوبەشەكەی قایمقامیەت كراوە، ئەوە جگە لە سكاڵای هاوڵاتیان لە دژی هێرشی سەگە بێلانەکان.

لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان بڕیاری دروستکردنی شەڵتەرەکە دراوە

ئەو داواکارییەی کەرکوکییەکان لە کاتێکدایە ساڵی 2021 و 2022، قایمقامیەتی کەرکوک هەڵمەتێکی ژەهر پێدان و کوشتی سەگە بێلانەکانیان ئەنجامدا و بەهۆیەوە 1600 سەگیان لەناوبرد.

1600 سەگ لە کەرکوک بە ژەهر کوژراون

وەکسەرۆكی لیژنەكانی قایمقامیەتی كەركوك دەڵێت: هەڵمەتەکە بەهۆی نەبوونی بودجە راگیرا.

زیاتر وتیشی “لە ئێستادا زیاتر لە سێ هەزار سەگی بێلانە هەیە لە شارەكە، بڕیاردراوە شەڵتەرێك لەسەر رێگای ناحیەی لەیلان دروستبکرێت و 249 ملیۆن دیناریش بودجەی بۆ تەرخان”.

وەک هەوڵێک بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە و کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لەناو بازاڕ و کوچە و کۆڵانەکان، قایمقامیەتی کەرکوک بڕی سێ هەزار دیناری وەک پاداشت تەرخانکردووە بۆ هەر کەسێک کە سەگ بباتە شەڵتەرەکە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق