رۆژی رواندز لە شەودا کرایەوە
964+
ئاسۆ وەرتی ــ رواندز
13 هەمین فێستیڤاڵی رۆژی رواندز، لە شەودا كرایەوە، تیایدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر پێشكەش كران و قایمقامیش دەڵێت ” رواندز بە پانتایی بچووکە، بەڵام بە مێژوو دەوڵەمەندە”.
ساڵانە لە رۆژی 10ـی نیسان رواندز وەك شارێكی كلتووری مێژوویی و گەشتیاری، یادی رۆژی خۆی دەكاتەوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ جیاوازتر بوو، ئاواز و دەنگە جیاوازەكانی گۆرانی، تێكەڵ بە موناجاتی ئایینی كرد و رواندزیەكانی لە دەورییەک كۆكردەوە.
ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز بە 964ـی وت” ئامانجی فێستیڤاڵەکە خستنەڕووی ئەو مێژووە دەوڵەمەندەی شاری رواندزە کە لە دێرزەمانەوە مێژوویەکی پڕ لەسەروەری هەیه و ناوەندی ئیداری ناوچەکە بووە”.
ئاماژەی بەوەشدا، بۆ ئەمساڵ تایبەتمەندی مانگی پیرۆزی رەمەزانیان لە ناو ئەو فێستیڤاڵە لەبەرچاوگرتووە، وتیشی “هەرچەندە رواندز بە پانتایی بچووكە، بەڵام بە مێژوو فراوان و دەوڵەمەندە”.
بەپێی زانیارییەكانی 964 لە دوای راپەڕینەوە، زۆربەی شار و قەزا و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان رۆژێكیان دیاریكردبوو بۆخۆیان، كە تیایدا مێژوو و كلتووری خۆیان تێدا نمایش دەكرد، بەڵام لەئێستادا ژمارەیەكی كەم لەو شار و شارۆچكانە ئەو رۆژە بەڕێوەدەبەن، رواندزیش 13 هەمین ساڵە ئەو رۆژەی خۆی لە چوارچێوەی فێستیڤاڵێكی هەمەڕنگ بەڕێوەدەبات.
پێداچوونەوە: توانا نەقی