شوانکارەکانی ناوچەی داودە بە چەکەوە ئاژەڵ دەلەوەڕێنن
964+
هونەر فارس – گەرمیان
بەڕێگەیەکی تێکەڵەڕێژدا بەرەو گوندەکانی ناوچەی داودە بەڕێکەوتوین.
چاومان بە شوانکارێک دەکەوێت کە بە چەکەوە خەریکی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیەتی.
ئەو لەترسی رفاندن و ناسینەوەی دەموچاوی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، داوایلێکردین ڕوخساری بشارینەوە و دەنگەکەیشی بگۆڕین.
ناوچەی داودە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، زیاد لە 50 گوند لەخۆ دەگرێت و لە دوای روداوەکانی ئۆکتۆبەری 2107 و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، نزیکەی شەش گوندیان لەبەر مەترسیەکانی رێکخراوی داعش بەتەواوی چۆڵدەبن.
شاڵاو داودی، خەڵکی گوندی پەڵکانەیە و بەهۆی داگیرکردنی گوندەکەیەوە، ماوەی حەوت ساڵە بە ناچاری لە گوندێکی دیکە نیشتەجێیە و باسی بارودۆخی ناوچەکەمان بۆدەکات.
سەرباری هەبوونی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەکە، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە لەسەر پڕکردنەوەی ئەو بۆشایە ئەمنیانە ڕێکبکەون کە لە سنورەکەدا بوونی هەیە.
بەڕێوەبەری ناحیەی نەوجولیش هۆکاری کۆنترۆڵ نەکردنەوەی سنورەکە بۆ سەختی شوێنەکە و بوونی چەکدارانی نەناسراو لە سنوورەکەدا دەگەڕێنێتەوە.
لەدوای ڕوداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017ەوە نزیکەی 10 هاوڵاتی سنورەکە لە لایەن چاکدارانی نەناسراوەوە ڕفێندراون و بەلایەنی کەمەوە چوار هاوڵاتیش گیانیان لەدەستداوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی