قیستی سێیەمت بدە و دوکانێک وەرگرە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

پارێزگای هەولێر وادەی دابەشکردنی دوکانەکانی بازاڕی سپی دیاریکرد و بەشداربووانی پڕۆژەکە ئاگادار دەکاتەوە، رۆژی 15ی ئەم مانگە لە شوێنی دیاریکراو ئامادەبن.

دابەشکردنی دوکانەکان، کە 700 دانەن، بە شێوەی تیروپشک دەبێت و بەشداربووان دەبێت قیستی سێیەمی دوکانەکانیان دابێتە پارێزگا، زۆربەشیان ئەوانەن کە سێ ساڵ لەمەوبەر دوکانەکانیان لە بازاڕی سیم سووتا.

پارێزگای هەولێر لە ئاگادارییەکدا کە رۆژی یەکشەممە لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە دەڵێت، “سه‌رجه‌م به‌شداربووانی دوكانه‌كانی بازاڕی سپی ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌ رێكه‌وتی 15.4.2023 رۆژی شەممە، کاتژمێر 11ـی بەیانی لە ھۆڵی (میدیا) ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی دوكانه‌كانی بازاڕی سپی ده‌كات لە رێگەی تیروپشکەوە به‌سه‌ر به‌شداربووانی”.

ھەر کاسبکارێک دەبێت ناسنامەی باری شارستانی، یاخود کارتی نیشتمانی و بریکارنامە، ئەگەر ھەبوو، ئامادە بکات

لە ئاگادارییەکەی پارێزگادا هاتووە، “سەبارەت بەو کاسبکارانەی کە قیستی سێیەمیان نەداوە، ناتوانن بەشداری لە تیروپشکەکە بکەن تا قیستەکە دەدەن بە پارێزگا”.

بازاڕی سپی شوێنگرەوەی بازاڕی سیمە و لە نزیک شەقامی 120 مەتری، لەسەر رووبەری 60 هەزار مەتر دووجا، بە گوژمەی 14 ملیار و 412 ملیۆن دینار،  لەلایەن حکومەت دروستکراوە.

بازاڕەکە لە نزیکەی 700 دوکان، چێشتخانە، پارك، پاركی وەستاندنی ئۆتۆمبێل و چایخانە پێکهاتووە

بازاڕی سیم بەرەبەیانی لەرۆژی 24.7.2020، لە گەڕەكی كوردستانی شاری هەولێر، بەهۆی ئاگركەوتنەوە سووتا و زیاتر لە 200 دوكان زەرەرمەند بوون.