دهۆک بە بردنەوەی لە شەقڵاوە هیوای مانەوەی لە خولی نایاب بۆ گەڕایەوە

964+

ئاکام غەفور – شەقڵاوە

لە گەڕی 25ـی خولی نایابی کوردستان، شەقلاوە لەناو یاریگای خۆی بە گۆلێکی بێ بەرامبەر بە یانەی دهۆک دۆڕا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 9.4.2023، لە درێژەی یاریەکانی خولی نایابی کوردستان بە ئامادەبوونی هاندەرێکی زۆر شەقلاوە و دهۆک رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.

گێمی یەکەمی یاریەکە بەبێ گۆل کۆتای هات، لە گێمی دووەمی یاریەکە هەردوو یانە باشتر دەرکەوتن، لە خولەکی 54ـی یاریەکە یاریزان ئەحمەد کەریم تاکە گۆلی دهۆکی تۆمار کرد، یاریزانانی شەقڵاوە هەوڵی زۆریاندا ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوو.

دوای یارییەکە، زیاد ئەحمەد کاپتنی یانەی دهۆک قسەی بۆ 964 کرد و باسی لە بەهێزی یارییەکە کرد و ئەوەشی خستەڕوو کە بردنەوەی یارییەکە “زۆر گرنگ بوو بۆ ئێمە چونکە ئێمە لە دۆخێکی خراپین مەترسی دابەزینمان لەسەرە بۆ خولی پلە یەک”.

لەگەڵ ئەوەی دهۆک یارییەکەی بردەوە، بەڵام هێشتا لە ریزبەندی کۆتایی دایە بە 22 خاڵ، یانەی زاخۆش بەهەمان شێوە 22 خاڵی هەیە و نزیکترین یانە لێیانەوە سیروانی نوێیە کە 27 خاڵی هەیە.

هەرچی یانەی شەقڵاوەیە بە 33 خاڵ لە ریزبەندی پێنجەم دایە، ئەگەر لە یارییەکە براوە بووایە ئەوا بە 36 خاڵ لەگەڵ یانەی سۆران یەکسان دەبوو.

هۆگر یوسف، کاپتنی یانەی شەقلاوە بۆ 964 وتی ”بە داخەوە سەرکەوتو نەبووین، توانای بردنەوەمان هەبوو بەڵام دهۆک یەک هەلی بۆ رەخسا و گۆلی تۆمار کرد”.