شاره‌وانیی سلێمانی بۆ عه‌ره‌بانچییه‌كان: رێمكه‌ هه‌تا جێتكه‌م

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

لە شاری سلێمانی رێگری لەو عەرەبانانە دەکرێت کە شیرینیی خراپبوو دەفرۆشن، یان رێگری لە شوێنی هاتوچۆی هاوڵاتیان دەکەن.

بڕیارەکە شارەوانی سلێمانی داویەتی و لە دوێنێ هەینی 7.4.2023وە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بۆ تۆڕی 964 وتی، “رۆژانە ئێمە لیژنەکانمان سەردانی ناو بازاڕ دەکەن و هەر “عەرەبانەیەک رێی لە هاتوچۆی هاوڵاتیان گرتبێت سزای دەدەین و نایەڵین ئەوکارە بکات.

وتیشی،ئەو عەرەبانانەی شیرینی دەفرۆشن دەبێت بە شێوەی تەندروست بێت، شیرینییەکانیان تازە بن و خراپ نەبووبن و لە کارگەی مۆڵەتدراو بابەتەکانیان بهێنن، هەروەها دەبێت سەرجەمیشیان داپۆشراوبن.

باسی لەوەش کرد، ئەگەر کاسبکارەکان پابەند نەبن، شارەوانی سلێمانی بە سەرپێچی قبووڵی دەکات و ناهێڵیت کارەکەیان بکەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا