پارێزگای سلێمانی هەناردەکردنی مریشکی قەدەغەکرد

964+

رێژوان مامە قادر- سلێمانی

بۆ ئەوەی نرخەکەی هەرزان بکرێت لە پارێزگای سلێمانی، هەناردەکردنی مریشکی سپی بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق قەدەغە کرا.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە نرخی مریشک لە 3600 دینارەوە گران بووە و ئێستا نرخی هەر کیلۆیەک پێنج هەزار دینارە.

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانیی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەناردەکردنی مریشک بۆ خوارووی عێڕاق قەدەغە کرا، بە مەبەستی کەمکردنەوەی نرخی مریشک.

بڕیارەکە تەنیا هی پارێزگای سلێمانییە و وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، پارێزگاکان بۆ ئەو بڕیارە سەرپشک کراون.

فیراز سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی 964ئ راگەیاند، بڕیارەکە لە وەزارەتەوە نەدراوە، بەڵکو پارێزگاکان خۆیان سەرپشککراون لە قەدەغەکردن یان قەدەغەنەکردنی هەناردەی مریشک.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 2000 کێلگەی پەلەوەری هەیە و لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا 850 کێڵگە هەن، لە هەرێمی کوردستاندا ساڵانە 250 هەزار تەن بەرهەم دەهێندرێت و هەرێم پێویستی بە 147 هەزار تەنە و 103 هەزار تەنیش هەناردە دەکرێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا