چه‌مچه‌ماڵ پڕۆژه‌ى زۆره و ئاوى كه‌مه
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بڕیارە چه‌ند پڕۆژەیه‌كی جیاجیا، لە قەزای چەمچەماڵ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، به‌ڵام گرفتى سه‌ره‌كى ئه‌و قه‌زایه كه‌میی ئاوى خواردنه‌وه‌یه، قایمقامیش دەڵێت “ئاو کێشە هەرە گەورەکه‌مانه”.
رەمەک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بۆ تۆڕی 964 باس له پڕۆژه‌كانى داهاتوو بۆ قه‌زاكه‌ى ده‌كات و ده‌ڵێت “کۆمپانیای دانەغاز بە نیاز بوو شارێک لە چەمچەماڵ دروست بکات، باس له دروستكردرنى عەلوەیەکیش كراوه، هاوکات کارگەیەکی دروستکردنی خشت تەواو بووە، پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان وەزارەتی سامان سروشتییەکان و کۆمپانیای دانەغاز هەیە، جگه له نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەک قوتابخانە و باخچەی ساوایان و مەڵبەندی تەندروستی”.
بەڵام ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات، كه “کێشەی ئاوی خواردنەوە، گەورەترین کێشەی ئەو قەزایەیە”.
964 زانیویەتی پڕۆژەیه‌كی دیکەش له‌و قه‌زایه دروست ده‌كرێت، ئه‌ویش 200 یەکەی نیشتەجێبوونە، بڕیاری بۆ دەرچووە و بەمزووانە دەستدەکرێت بە دروستکردنی، قایمقامیش ئه‌وه پشتڕاست ده‌كاته‌وه.
زیاد جامدار، لێپرسراوی ئاوی چەمچەماڵ، ئه‌وه دووپاتده‌كاته‌وه كێشه‌ى ئاو له سنووره‌كه‌یاندا هه‌یه، به 964ـى وت “لە وەرزی زستاندا هەفتەی جارێک ئاوی خواردنەوە دەدرێت بە هاوڵاتیان، لە هاوینیشدا 10 رۆژ جارێک، ئه‌مه‌ش کێشەیەکی گەورەیە”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، تەنیا 20 بیریان هەیە بۆ دابینکردنی ئاو .
لە قەزای چەمچەماڵدا 16 هەزار و 500 هاوبەشی ئاو هەیە، ناحیەی شۆڕش نزیکەی 15 هەزار هاوبەش و تەکیە هەشت هەزار هاوبەشی هەیە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی