لە ماوەی 32 ساڵی رابردوودا

نزیکەی 14 هەزار هاوڵاتی هەرێم بەهۆی مینەوە بەرکەوتوون

964+
ئاسۆ وەرتی-چۆمان

لە چۆمان بەبۆنەی رۆژی جیهانی مین، چالاکی جۆراوجۆری هۆشیارکردنەوە ئەنجامدرا، لەماوەی 32 ساڵی رابردوو زیاتر لە 13 هەزار هاوڵاتی هەرێمی کورستان بەهۆی مینەوە بەرکەوتوون.

لە ساڵی 2005-ەوە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاریدا رۆژی 4.4ی هەموو ساڵێک وەک رۆژی هۆشیارکردنەوە و پشتگیری لەکاروباری مین دیاریبکات.

عەلی عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین لە هەولێر، بە 964ی وت “تیمەکانمان مانگانە بە هەزاران مین و تەقەمەنی لە ناوچە مەترسیدارەکان و کێڵگە مینڕێژکراوەکان پوچەڵ دەکەنەوە، لەرۆژی جیهانی هۆشیاری مین، لە قەزای چۆمان چالاکیمان بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک ئەنجامدا بەمەبەستی ئاگادارکردنەوەیان لە مەترسیەکانی مین”.

بەگوێرەی وتەی عەلی عەبدولرەحمان، ناوچە سنووریەکان و شاخاویەکان بەردەوام مەترسییان هەیە، بە تایبەت لە وەرزی بەهار کاتێک خەڵک دەچێت بۆ هێنانی گژوگیای بەهاری.

ئەو چالاکیانەی لە رۆژی هۆشیاری مین لە چۆمان ئەنجامدران، ئەمانە بوون، نیشاندانی فیلم لەبارەی مەترسیەکانی مین، دابەشکردنی بروشۆر کە وێنەی جۆرەکانی مینی لەسەر بوو، هاوکات ئەنجامدانی کۆڕی هۆشیاری ئەنجامدراوە، ئەمە بە وتەی بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین.

لە ئەنجامی شەڕی نێوان عێراق و ئێران کەماوەی هەشت ساڵ بەردەوام بوو، رووبەری 776 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی ھەرێمی کوردستان مینڕێژکراوە، ئەو رووبەرە دابەش دەبێت بەسەر سێ هەزار و 343 کێڵگە.

بەپێی ئاماری دەزگای مین 225 ملیۆن مەتر دووجا رووبەری پیسبوو بە مین هەیە، لەهەمانکاتدا 511 کیلۆمەتر دووجای زەوی لە مین پاککراوەتەوە.

لە ئێستادا هەرێمی کوردستان  سێ هەزار و 500 ناوچەی مەترسیدار بە مینی هەیە، بە کۆی گشتی 13 هەزار و 521 هاوڵاتی بەهۆی مینەوە بەرکەوتوون.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی