خەرجکردنی 30 ملیارەکە ئاشکرا دەکات

تەندروستی سلێمانی پشتگیری لە داواکاری کۆمپانیاکانی دەرمان دەکات

964+
دیلان محەمەد جەزا

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سوپاسی کۆمپانیاکانی دەرمان دەکات و دەڵێت بە بۆنەی ئێمەوە دووچاری فشار هاتوون، بۆیە پشتگیری لە داواکەیان دەکەین.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 4.4.2023، خاوەنی ژمارەیەک کۆمپانیای بازرگانی دەرمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایانگەیاند کە ئیتر دەرمان بە قەرز بە نەخۆشخانەکانی سلێمانی نافرۆشین.

دوای ئەوان، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی پشتگییری خۆی بۆ داوای خاوەن کۆمپانیاکان راگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی کێشەی نەختینەیان لە بانکەکەندا ھەیە، ئەوەش بووەتە ھۆکاری کەمبونەوەی دەرمان لەناو نەخۆشخانەکاندا.

ئەمڕۆ کۆمەڵێک لە کۆمپانیاکانی دەرمان بەیاننامەیەکیان ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی کردووە، لەبارەی ئەوەی چیتر ناتوانن بەردەوام بن لە دابینکردنی پێداویستییەکان و چاککردنەوەی ئامێرکانیان.

دکتۆر سەباح ھەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سوپاسی سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی کرد کە دەرمانیانی بە نەخۆشخانەکانی سلێمانی داوە و پشتگیری داواکەشیانیان کرد.

دەشڵێت: ئەوان نەیانھێشتووە نەخۆشخانەکان کێشەی کەمی دەرمانیان ھەبێت، ئەوانیش زیاد لە پێویست فشاریان چووەتەسەر بەھۆی ئەو قەرزەوە.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاشکرایکرد کە حکومەتی ھەرێم 30 ملیار دیناریان بۆ تەندروستی سلێمانی دابینکردووە بۆ کڕینی دەرمان.

زیاتر وتی “12 ملیاری قەرزی کۆمپانیاکان دراوەتەوە، 10 ملیاریش بووەتە قەرز لەسەر بانکی ناوەندی ھەرێم، ھەشت ملیاریشی گەڕاوەتەوە بۆ حکومەت، لەبەر ئەوەی نەیانتوانیوە خەرجی بکەن”.