دەزگای مین:

%33ـی خاکی کوردستان لە مین پاک کراوەتەوە

964+

فەرمان سادق

لە کۆی 776 کیلۆمەتر چوارگۆشەی مینڕێژکراو لە کوردستان، 518 کیلۆمەتری لە مین پاک کراوەتەوە و کۆی مینە پوچەڵکراوکانیش زیاتر لە چوار هەزار مین دەبن.

ئەو ئامارانە دەزگاى گشتى کاروبارى مین، بە بۆنەى رۆژى جیهانى هۆشیارکردنەوە لە مین بڵاوی کردۆتەوە کە ئەمڕۆ رۆژی جیهانی “هۆشیاركردنەوە لە مین و پشتگیریكردنی كاروباری مین”ـە، کە بۆ یەكەمینجار لە 4.4.2006 رێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو رۆژەی دەستنیشانکرد.

لە کۆی 776 کیلۆمەتر رووبەری 258 كیلۆمەتری چوارگۆشە ماوە لە مین پاك بکرێتەوە

لێزمە فواد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەزگا مین بە 964ـێ وت، لە کوردستان 13 هەزار 500 کەس بوونەتە قوربانی، لەگەڵ ئەمەشدا لە کۆیی 776 کیلۆمەتر چوارگۆشە هێشتا رووبەری 258 كیلۆمەتری چوارگۆشە ماوە پاك بکرێتەوە.

زیاتر وتیشی “ئەمەش “پێویستی بە کۆمەکی دارایی زۆر هەیە کە لە ئێستادا بە تەنیا بە حکومەتی هەرێم دابین ناکرێت”.

13500 کەس بەهۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوە

هەر بەو بۆنەیەوە دەزگای گشتی کاروباری مین داوا لە هاوڵاتیان دەکات لە کاتی پێویست دەتوانن پەیوەندی بە ژمارە (182) بکەن، بێ بەکارهێنانی کۆدی ئاسیا یان کۆڕەک، تەنیا 182 لێبدە و پەیوەندی بکە و تێچووی پەیوەندییەکەش بە خۆڕاییە.

مینیت بینی پەیوەندی بە 182 بکە