964+
میلاد جەلال – گەرمیان
مزگەوتی بازاڕی ناحیەی رزگاری بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی روخێنراوە، شارەوانی ناحیەکە دەڵێت، ھەوڵێک ھەیە جێگاکەی بکرێتە پرۆژەی بازرگانی، سەرۆکی شارەوانیەکانی گەرمیانیش دەڵێت، بابەتی لەوجۆرە نییە.
بەرزان کەریم، سەرۆکی شارەوانیەکانی گەرمیان بە 964ـی وت،”ھیچ بابەتێکی لەو جۆرە نییە کە رێگری بکرێت لە نۆژەنکردنەوەی ئەو مزگەوتە یان بکرێت بە پرۆژەی بازرگانی”.
“ھەر بینایەک بڕوخێنرێت و دووبارە دروستبکرێتەوە، دەبێت کۆمەڵێک رێکاری یاسایی ھەیە ئەنجام بدرێت، نەخشەسازی بۆ بکرێت و کەشف بکرێت، بەڵام ئەو مزگەوتە ھیچ کام لەوانەی بۆنەکراوە”،بەرزان کەریم وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوێنێ چوارشەممە، نوسراومان کردووە بۆ شارەوانی ناحیەی رزگاری، داوای روونکردنەوەمان کردووە لەسەر ئەوەی پلانسازی بۆ کراوە لە نەخشەدانانی گەرمیان یاخود نا، وەڵاممان بدرێتەوە، بەڵام ئەو ھەڵایەی لێدروستکرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان.
بەرزان کەریم وتیشی، ئەمڕۆ دووبارە نوسراومان کردەوە بۆ شارەوانی رزگاری، داوای رونکردنەوەمان لێکردوون لەسەر ئەوەی دەڵێن، رێگری دەکەین لەوەی جێگای مزگەوتەکە بکرێتە جێگای بازرگانی، دەبێت وەڵاممان بدەنەوە بزانین کێیە دەیەوێت ئەو مزگەوتە بکاتە پرۆژە و ئێمە ئاگادار نین.
“ھەر کەسێک کەمتەرخەم بوبێت لەو بابەتە و بڵاوکردنەوەی بەو شێوەیە دەدرێتە دادگا و رێکاری ئیداریش بەرامبەر شارەوانی رزگاری دەگرینەبەر”، بەرزان کەریم وادەڵێت.
بەرزان کەریم وتیشی، مانگی شەشی ساڵی رابردوو، داواکاری پێشکەشکرا کە ئەو مزگەوتە بکرێتە پرۆژەی بازرگانی بەڵام ھەر ئەوکات ئەوقافی گەرمیان قبوڵی نەکرد، ئەوەش تەنیا لە دەسەڵاتی ئەوقافە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی