لە بودجەی 2023ـی عێراق 16 ترلیۆن 609 ملیار دینار پشکی هەرێمە
نەرمین مەعروف: نابێت هەرێمی کوردستان بەو بودجەیە رازی بێت
964+
فەرمان سادق
سێ هەفتەیە پڕۆژە یاسای بودجە گەیشتۆتە پەرلەمانی عێراق، لیژنەی دارایی بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی یەکەم کۆبوونەوەی لەسەر بودجەکە ئەنجامدا.
بودجەکە بە گەورەترین بودجەی مێژووی عێراق دادەنرێت کە پاکێجی بودجەی سێ ساڵ بەیەکەوە رەوانەی پەرلەمان کراوە و هی ئەمساڵ 199 ترلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار دینارە.
بودجەکە 199 ترلیۆن دینارە کە 16 ترلیۆن و 609 ملیار دیناری پشکی هەرێمی کوردستانە
لەو بڕە پشکی هەرێمی کوردستان 14 ترلیۆن و 842 ملیار دینار زیاترە کە دەکاتە 12.67%ـی کۆی بودجەکە، لەگەڵیشدا 276 ملیار بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و 62 ملیۆن دۆلار پشکی هەرێمی کوردستان لە قەرزی دەرەکی و زیاتر لە ترلیۆنێک و 428 ملیار دینار کرێی گواستنەوەی نەوتە کە کۆی گشتی دەکاتە 16 ترلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن دینار.
کورتهێنان 64 ترلیۆن و 469 ملیار دینارە
لە بەرامبەر ئەمەدا، لە یاسای بودجەدا هاتووە کە دەبێت رۆژانە هەرێمی کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حکومەتی عێراق بکات.
نەرمین مەعروف کە بڕوانامەی دکتۆرای هەیە لە بازرگانی نێوەدەوڵەتی و پسپۆڕی بودجەیە دەڵێت: دۆخێکی نوێ هاتۆتە پێشەوە و ناکرێت دوای بڕیارەکەی دادگای بازرگانی پاریس هەرێمی کوردستان بە 12.67% رازی بێت، چونکە هەناردەی نەوتی هەرێم زۆر زیاترە لە 400 هەزار بەریلی رۆژانە.
وتیشی “لە کۆبوونەوەکە ئەوەم بە وەزیری دارایی وت، بەڵام هیچ وەڵامێکی لەلا نەبوو، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت پێداچوونەوە بەو بودجەیە بکرێت بەپێی رێککەوتنی نوێی هەرێم و بەغدا”.
“ناکرێت هەرێمی کوردستان دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس بەو بودجەیە رازی بێت و دەبێت پێداچوونەوەی پێدا بکرێت”
هاوکات ئەو 199 ترلیۆن دینارە، 133 ترلیۆن و 221 ملیار و 694 ملیۆن و دوو هەزار دیناری بودجەی بەکارخستنە کە موچەی موچەی فەرمانبەران و بودجەی سیادی دەگرێتەوە کە بڕەکەی 52 ترلیۆن و 293 ملیار و 585 ملیۆن و 28 هەزارە، هەروەها بودجەی حاکیمەش دەگرێتەخۆی کە بڕەکەی نۆ ترلیۆن و 918 ملیار دینارە.
لەو بودجە زەبەلاحە تەنیا 49 ترلیۆن و 462 ملیار و 151 ملیۆن و 754 هەزار دیناری پشکی بودجەی وەبەرهێنانە، هاوکات کورتهێنانیش 64 ترلیۆن و 469 ملیار و 192 ملیۆن و 600 هەزار دینارە، کە ئەمە بە قسەی نەرمین مەعروف، کورتهێنانەکە “زۆر زۆرە”.
بەپێی ناوەڕۆکی بودجەکە بێت کە نەرمین مەعروف پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی قسەی بۆ 964 کردووە، ئەوا حکومەتی عێراق بەهای بەرمیلێک نەوتی بە 70 دۆلار خەملاندووە و رۆژانەی هەناردەشی بە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهانی خەملاندووە، بە 400 هەزار بەرمیلە نەوتەکەی هەرێمیش.
داهاتی نەوت بە 117 ترلیۆن و نا نەوتی بە 17 ترلیۆن دینار خەملێندراوە
نەرمین مەعروف کە بڕوانامەی دکتۆرای هەیە لە بازرگانی نێوەدەوڵەتی و پسپۆڕی بودجەیە، بە 964ـی وت، لە بودجەدا مەزندەی ئەوەش کراوە کە بەهای نەوت لە 77 دۆلار دانابەزی، بەڵام بە 70 دۆلار خەملێندراوە.
لە بارەی داهاتیشەوە ئاماژەی بەوەدا کە وا خەملێندراوە داهاتی نەوت بە 117 ترلیۆن دینار خەملێندراوە و داهاتی ناوخۆش بە هی هەرێمی کوردستانیشەوە بە 17 ترلیۆن دینار خەملێندراوە کە بەیەکەوە بە قسەی پەرلەمانتارەکەی لیژنەی دارایی بێت دەکاتە زیاتر لە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 910 ملیۆن دینار.
زیاتر وتیشی “داهاتی ناوخۆ زۆر کەم هەژمار کراوە، تەنانەت بە وەزیری ناوخۆم وت با ئەوەش کۆ نەکرێتەوە، چونکە ناکرێت داهاتی ناوخۆ هێندە کەم هەژمار بکرێت”.
%69ـی پشکی کوردستان بۆ موچە دەڕوات
هەر لە بودجەکەدا قەزری ناوخۆ و دەرەکی بە 12 ترلیۆن و 750 ملیار و 981 ملیۆن دینار خەملێندراوە کە 400 ملیارەکەی مانگانە حکومەتی عێراق بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەخۆی کە بە قەرزی ناوخۆ هەژمار کراوە و بانکی بازرگانی عێراق دەیدات.
کۆی فەرمانبەرانی عێراق چوار ملیۆن و 69 هەزار و هی هەرێمیش 681 هەزار و 979 فەرمانبەرە
“لە بودجەی عێراقدا، کۆی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە 681 هەزار و 979 فەرمانبەر هەژمار کراوە و کۆی موچەکەشیان بە نۆ ترلیۆن و 299 ملیار و 513 ملیۆن و 616 هەزار دینار دانراوە کە دەکاتە 69%ـی کۆی پشکی هەرێمی کوردستان لەو 14 ترلیۆن و 842 ملیار دینارە”. نەرمین مەعروف وای وت، ئەوەشی خستەڕوو کە موچەخۆری هەرێمی کوردستان سەرووی ملیۆنێک کەس دەبێت.
لەبارەی موچەخۆرانی عێراقیش، نەرمین مەعروف دەڵێت: چوار ملیۆن و 69 هەزار و 801 فەرمانبەر لە عێراق هەیە، بە سەربازی و پەرلەمانتارانیشەوە.