وەزارەتی رۆشنبیری: شانۆ بۆ هەولێر و مۆزیک بۆ سلێمانی
میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر
وەزارەتی رۆشنبیری بڕیاریداوە فێستیڤاڵی شانۆ لە هەولێر رێکبخات، مۆزیک و ئەدەب لە سلێمانی، فیلمی سینەماییش بۆ دهۆک، ئەمە بووەتە هۆی نیگەرانی بەشێک لە شانۆکارانی سلێمانی.
ماوەی سێ رۆژە حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆ لە هەولێر دەستیپێکردووە، تاوەکو ١٨ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
لە فێستیڤاڵەکەدا، گروپی شانۆیی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، روسیا، ئۆکراین، میسر، سوریا، تونس، عومان و ئێران بەشدارن.
بەشێک لە شانۆکارانی سلێمانی لەوە نیگەرانن کە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بۆ شانۆ لە شارەکەیان بەڕێوەناچێت، لەوبارەیەوە، رێژان جەمالی شانۆکار لە فەیسبوکی خۆی رەخنەی لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان گرتووە.
ئەو رەخنەی لەوەش هەیە، کە هەرکاتێک پرۆژەی شانۆیەک پێشکەش دەکەن، ئەگەر هەرچەندێکی تێبچێت، لە وەزارەت گوایە هەر “سێ ملیۆن دینار”یان بۆ خەرج دەکرێت.
میدیازان پەیوەندی کرد بە نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری، ئەو باسی لەوە کرد، لەپێناو یەکسانی شارەکان بوارەکانیان جیاکردووەتەوە.
وتی لە وەزارەتەکەیانەوە بڕیاریان داوە، فێستیڤاڵی ئەدەب و مۆزیک لە سلێمانی ئەنجام بدەن، شانۆ لە هەولێر و فیلمی سینەماییش لە دهۆک، ئەوە جگە لەوەی سلێمانی فێستیڤاڵی فیلمی هەیە تایبەت بە خۆی.
نامیق هەورامی باسی لەوە کرد، کە نمایشکردنی شانۆ لە سلێمانی وەکو خۆیەتی، تەنیا لە وەزارەتەوە فێستیڤاڵی بۆ رێک ناخەن و لە جیاتیدا لە هەولێر دەبێت.
میدیازان پرسیاری کرد لەبارەی خەرجکردنی پارە بۆ پرۆژە شانۆییەکان، بەوەی ئایا راستە تەنیا سێ ملیۆنیان بۆ دابین دەکەن؟ وتەبێژەکەی وەزارەت وەڵامی نەدایەوە و وتی، “ئەوە پەیوەندی بە منەوە نییە.