لە دهۆک
هەڵمەتێکی رامالین لە دژی مێروولەی سن دەستی پێکرد
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
حکومەتی هەرێم دەرمانی دژە مێروولەی سن بۆ جوتیاران دەکڕێت و لە دهۆکیش هەڵمەتێکی دوو مانگە بۆ قرکردنی مێروولەی سن راگەیەندرا.
هەڵمەتەکەی دژ بە مێروولەی سن، دوێنێ یەکشەممە 2.4.2023، بەڕێوەبرایەتی گشتی چاندن لە دهۆک دەستیان بە هەڵمەتێکی فراوان کرد بۆ راماڵینی مێروولەی سن لەناو گەنمدا.
جوتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک نزیکەی 800 هەزار دونم زەوییان بە گەنم چاندووە.
بەشی پاراستنی رووەک لە بەرێوەبرایەتی گشتی چاندن سەرپەرشتی هەڵمەتەکە دەکەن و هەڵمەتەکەش دوو مانگ بەردەوام دەبێت.
ئەحمەد جەمیل، بەرێوەبەری گشتی چاندن لە دهۆک بە 964ی وت “هەڵمەتەکە بە دوو شێواز دەکرێت، یەکەمجار تیمەکانمان سەردانی چەند زەویەکی گەنم دەکەن لە سەرانسەری پارێزگای دهۆک و چەند نمونەیەک وەردەگرن تا بزانین رێژەی سن لەسەدا چەندە، ئینجا لە قوناغی دووەم دەست بە رشاندنی دەرمانی دژە مێروولەی سن دەکەین”.
ئەحمەد جەمیل ئەوەشی خستەروو “ئەنجومەنی وەزیران بڕی 968 ملیون دیناری بۆ ئێمە تەرخانکردووە، ئەم بڕە پارەیە بۆ کرینی دەرمانی مێروولەی سن و مێروولەکانی ترە کە ساڵانە تووشی بەرهەمەکانی چاندن دەبن، جارێ دیار نیە کە ئایە دەرمانی مێروولەی سن بێ بەرامبەر دەدرێتە جوتیاران یان بڕە پارەیەکی کەمیان لێوەردەگیردرێت، چاوەڕێی حکومەت دەکەین تاوەکو رێنمایمان بۆ بنێردرێت”.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق