“مەلاقەرە” له‌هه‌رێم گونده‌ و له‌ به‌غداش ناحیه‌یه‌

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

ناحیەی مەلاقەرە، جگه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رو ستافى ناحیه‌، هیچ فه‌رمانگه‌یه‌كی دیكه‌ى حكومى لێ نیه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ش ده‌ڵێت “له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ مه‌لاقه‌ره‌ گونده‌، به‌ڵام له‌لاى به‌غدا ناحیه‌یه‌”.

مەلاقەرە، لە رووی جوگرفیا، سەربە پارێزگای هەولێر و لە رووی ئیدارییەوە سەربە قەزای مه‌خموور و پارێزگای موسڵە.

ئازاد جەوهەر ، بەرێوبەری ناحیەی مەلاقەرە، بە 964ـى راگەیاند، تا ئێستا ناحیەکەیان لەلایه‌ن حکومەتی هەرێم گوندە، بەڵام لەلایه‌ن حکومەتی عێراقەوە، ناحیەیە، وتیشی “لەدوای ساڵی 2003 وە، هیچ فەرمانگەیەکی لێنییە، تەنیا من وەک و بەرێوبەری ناحیە و فەرمانبەری ناحیەکە، دەوام دەکەین”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ماوەی سێ مانگە دەستبەکاربووه‌ هەوڵی جددی داوه‌ فه‌رمانگه‌ حكومیه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ مه‌لاقه‌ره‌ بكرێنه‌وه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت “بڕیاره‌ هەفتەی داهاتوو، ته‌نیا بنکەی تەندروستی بە رووی خەڵکیدا بکرێتەوە”.

ئازاد جه‌وهه‌ر وتیشی “وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم و پارێزگاری هەولێر، بەڵێنیان پێداوین، لە ماوەیەکی نزیکدا، بنکەی ئاسایش و پۆلیس و تەواوی فەرمانگەکانی تر بکرێنەوە”.

یوسف محیەدین، دانیشتووی مەلاقەرە، بە 964ـی وت، شەقام و رێگاوبانمان زۆرباشە، تەنیا کێشەی سەرەکیمان نەبوونی فەرمانگەیە، بۆ حاڵەتێکی فریاکەوتن، دەبێت بچینه‌ هەولێر، کە زیاتر لە 45 خولەک بەرێگاوەدەبین”.

ناحیەی مەلاقەرە، به‌ 28 گوندى سنووره‌كه‌یه‌وه‌ نزیکەی 25 هەزار كه‌سی لێ ده‌ژیێت، لەشەڕی دژ به‌ داعش، یه‌كێك له‌ناوه‌نده‌ سه‌ربازییه‌ گرنگه‌كانى هێزی پێشمەرگە بوو.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن