خۆبەخشانی قەڵا داوای موچە و دامەزراندن دەکەن
964+
هونەر فارس- کەلار
کارمەندانی نەخۆشخانەی قەڵا نە نان و ئاویان هەیە و نە موچەیان پێدەدرێت، مانگرتنی ئەمجارەیان تا بەئەنجام گەیاندنی داواکاریەکانیانە،بەوتەی نوێنەرەکەیان.
نەخۆشخانەی قەڵا بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان لە قەزای کەلار، نزیکەی 70 کارمەندی خۆبەخش لەخۆ دەگرێت کە لەسەرەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە خۆبەخشانە خزمەت بە نەخۆش دەکەن.
موچەی مانگانەی هەر کارمەندێکی خۆبەخش لە نەخۆشخانەکە 325 هەزارە و لە چوار مانگی ئەمساڵدا تەنیا یەکجار وەریانگرتوە و لە ساڵی 2022ـدا موچەی حەوت مانگیان خوراوە بە وتەی خۆیان.
ڕێبین ئەحمەد، نوێنەری کارمەندانی خۆبەخشی نەخۆشخانەی قەڵا، بە 964ی وت: داواکاریەکانمان خۆیان لە پێدانی موچەی مانگانە بۆ هەر 30 رۆژ جارێک و دامەزراندن دەبینێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2.4.2023، یەکەم رۆژی مانگرتنەکەیانە و نەچونەتەوە سەر کارەکانیان، نوێنەرەکەشیان جەختیشیکردەوە “تا کێشەی موچەیان بۆ چارەسەر نەکرێت لە ماڵەوە دەبن”.
نەخۆشخانەی قەڵا سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراو و دوای لاوازبوونی ڤایرۆسەکە نەخۆشخانەکە بۆ نەخۆشییە گواستراوەکان تەرخانکرا.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق