عێراق دەیەوێت پارە دزراوەکانی بگەڕێنێتەوە

964+

فەهمی نەبی

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوە، گفتوگۆیان لەگەڵ ئەو وڵاتانە کردوە کە لە عێراقدا وەبەرهێنان دەکەن، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی عێراق کە بە نایاسایی چونەتە ئەو وڵاتانە.

ئەمڕۆ 31.3.2023 ئاژانسی هەواڵی عێراقی، لە زاری عالیە نوسەیف ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، لە کاتی سەردانیکردنی بۆ ئەو وڵاتانەی لەماوەی رابردوو سەردانی کردوون گەیشتۆتە رێککەوتن بۆ گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی عێراق.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاکی دەڵێت، پەرلەمان لە هەوڵدایە بۆ دەرکردنی یاسایەک لە پەرلەمان کە رێوشوێنەکانی وەرگرتنەوەی پارە دزراوەکان بکات، بەجۆرێک تا ئێستا ئەو یاسایە خوێندنەوەی یەکەمی لە پەرلەمان بۆ کراوە.

بەوتەی عالیە نوسەیف، لە ماوەی رابردوودا سەرۆک وەزیرانی عێراق، گفتوگۆی کردووە لەگەڵ هەریەکە لە تورکیا، ئیمارات، فەرەنسا و ئوردن، ئەو وڵاتانە ئامادەیی هەموو هاوکاریەکیان هەبووە.

لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، محەمەد شیاع سودانی رایگەیاند ئەوان توانیویانە 182 ملیار دینار لە پارەی دزراوی عێراق بگەڕێننەوە، ئەو بڕە لە کۆی 3.7 ترلیۆن دینار بوو.