دوای 32 ساڵ لە کۆڕەوی خەڵکی کوردستان
یەکێک لەو وێنانەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێنایە دەنگ
964+
فەهمی نەبی
32 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق بە تانک و فڕۆکە هێرشێکی چڕیان کردە سەر شارەکانی باشوری کوردستان، خەڵک لە هەموو شارەکانەوە کۆڕەوی دەستپێکرد و دواتر ناوی لێنرا کۆڕەوی ملیۆنی، یانیس بەهراکیس فۆتۆگرافەری یۆنانی بە چەند وێنەیەک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەو کارەساتە ئاگادارکردەوە .
خەڵکی شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەرەو سنورەکانی ئێران و خەڵکی دهۆکیش بەرەو سنوری تورکیا رەویان کرد.
لە رۆژەکانی سەرەتای کۆڕەوەکە چەندین دەزگای راگەیاندن و ئاژانسی جیهانی قەبارەی کارەساتەکەیان گواستەوە، لەنێویاندا یانیس بەهراکیسی یۆنانی بوو، کە ئەو کاتە بەرپرسی بەشی فۆتۆگرافی ئاژانسی رۆیتەرز بوو لەیۆنان و قوبرس.
هێشتا شەش رۆژ بوو کۆڕەوە ملیۆنیەکەی خەڵکی کوردستان دەستپێکردبوو، لە سنوری نێوان خاکی هەرێمی کوردستان و تورکیا بەدیاریکراوی رۆژی 5.4.1991 برسیەتی تەنگی بەخەڵک هەڵچنیبوو خەڵکێکی زۆر بەدوای خواردن دەگەڕان، بەهراکیس بە کامێراکەی وێنەی ئەو چرکەساتەی تۆمار کرد، لە وێنەکە خەڵک دەستیان درێژکردوە بۆ سەمونێک کە لەلایەن بارهەڵگرانی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکەکە هەڵدەدرێت.
کاتێک ئەو وێنەیە لە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوبەیەوە و میدیا جیهانیەکان لای خۆیانەوە بڵاویان کردەوە، بەزوویی کاردانەوەی گەورەی دروستکرد، و ئەم وێنەیە لەپاڵ چەند وێنەیەکی تری بەهراکیس وایکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زووتر هاوکاری بگەیەننە خەڵکی ئاوارە.
بەهراکیس دەڵێت: من ژیانی خۆمم خستە مەترسی بۆ ئەوەی ژیانی ئەوانی دیکە رزگار بکەم.
بەهراکیس لەبارەی ئەو وێنەیە دەڵێت: لەو رۆژەدا دەبوو جیهان برسیەتی و ئازاری ئەو خەڵکە ببینێت، وێنەکە بەتەواوی جێگەی خۆی گرت.
یانیس بەهراکیس، لە ساڵی 1960 لە یۆنان لە دایک بووە، روماڵی چەندین روداوی گەورەی کردووە لە جیهاندا، لەنێویاندا مردنی ئیمام خومەینی، شەڕی ئەفغانستان، شەڕی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین و کۆڕەوی خەڵکی کوردستان ساڵی 1991.
بەهراکیس لەساڵی 2016 خەڵاتی پۆلیتزەری بەدەستدەهێناوە لەبەرامبەر رووماڵی شەپۆلی پەنابەرانی خەڵکی عێراق و کوردستان بۆ ئەوروپا، بەجۆرێک وێنەکانی کاریگەری گەورەیان هەبوو لەسەر بڕیاری کردنەوەی سنووری بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا بەڕووی پەنابەران لە ساڵی 2015.
لە رۆژی 3ی ئاداری 2019 بەهراکیس بە نەخۆشی شێرپەنجە گیانی لەدەستدا.