10 ساڵە بوودجەیان بۆ تەرخان نەکراوە
چوار ملیار دینار شوێنەوارەکانی گەرمیان لە لەناوچوون دەپارێزێت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی گەرمیان داوای چوار ملیار دینار دەکرێت، بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری ئیدارەکە دەڵێت، چەندان شوێنەواریان مەترسیی لەناوچوونی لەسەرە.
لە ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە 550 ناوچەی شوێنەواری هەیە و ماوەی 10 ساڵە هیچ بوودجەیەک بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنیان تەرخان نەکراوە.
زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیان دەریدەخات، بازاڕ و قەیسەریی کفری و هەریەکە لە کۆشکەکانی مەحمود پاشا و مەجید پاشا ئەگەر زوو نۆژەن نەکرێنەوە دادەڕمێن و بەها شوێنەوارییەکەیان لە دەستدەدەن.
ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیان بە تۆڕی 964ـی وت “ئێستا ئێمە ئەگەر چوار ملیار دینارمان بەدەستەوە بێت دەتوانین لە تەواوی شوێنەوارەکان کار بکەین و لە مەترسیی لەناوچوون بیانپارێزین”.
دەشڵێت؛ هەتا درەنگتر بەهانای شوێنەوارەکانەوە بچین زیاتر بەهاکەیان لە دەست دەدەن و تێچووەکەشیان زیاتر دەبێت بۆ نۆژەنکردنەوە.