25 هەزار بێکار ناویان تۆمار کردووە
پلاتفۆڕمێک بۆ بەیەکەوە گەیاندنی خاوەن کار و بێکارەکان راگەیەندرا
964+
فەرمان سادق
وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی پلاتفۆڕمی بەستنەوەی کرێکار و خاوەن کاری بەیەکەوە راگەیاند، لەو پلاتفۆڕمەدا 25 هەزار کرێکار و 150 کۆمپانیا خۆیان تۆمار کردووە.
میهن، ناوی ئەو پلاتفۆڕمەیە کە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی عێراق دوێنێ پێنجشەممە 30.3.2023 رایگەیاندووە.
پلاتفۆڕمەکە، مانگێکە بەردەستە و لەم ماوەیەدا 25 هەزار بێکار خۆیان تۆمار کردووە. هاوکات 150 کۆمپانیاش کە بەدوای کرێکار دەگەڕێن، خۆیان لە پلاتفۆڕمەکە تۆمار کردووە.
نەجم عەقابی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی عێراق قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی کردووە و دەڵێت: ئامانجی ئەم پلاتفۆرمە ئەوەیە كە خاوەن كارەكان و بێكاران راستەوخۆ بەیەكەوە ببەستنەوە.
زیاتر دەشڵێت: دوابەدوای بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕێكخستنی هاتنەناوەی كرێكارانی بیانی بۆ عێراق و چارەسەركردنی ئەو كارە نایاساییانەی كە لە وڵاتدا هەیە، هەڵمەتێکی 45 رۆژە لەلایەن هەردوو وەزارەتی کار و ناوخۆ ئەنجامدەدەرێت بۆ دەستگیركردنی سەرجەمی كرێكارە بیانییە نایاساییەكان.
حکومەتی عێراق لە رێگەی چەند یاسایەکەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی رەوشی کرێکارانی بیانی دەدات و ئامانجیشی ئەوەیە لە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەتدا بە تەنیشت هەر کرێکارێکی بیانی ئەوا کرێکارێکی عێراق کار بکات.