داوای نۆژەنکردنەوەی کراوە

بڕیار بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای کەرکوک نەدراوە 

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

تا ئێستا وەڵامی ئەو پڕۆژەیە نەدراوەتەوە، کە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری کەرکوک بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵاکە ئامادەی کردووە.

راکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک دوێنێ چوارشەممە رایگەیاند، لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا دەست بە نۆژەنکردنەوەی قەڵای کەرکوک دەکەن و 20 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکراوە.

شوێنەواری کەرکوک، کە خاوەنی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵاکەیە، ئاگادارییان لە بارەی ئەو زانیارییانە نییە و وەڵامیان وەرنەگرتووەتەوە.

تارا شوکری غوفران، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری کەرکوک بە تۆڕی 964ـی وت “ئێمە پڕۆژەکەمان داوەتە پارێزگای کەرکوک و ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا، بەڵام هیچ وەڵامێکمان بۆ نەهاتووەتەوە”.

دەشڵێت؛ ئەوەی بڵاوکراوەتەوە تەنیا بۆ راگەیاندنەکانە و ئەگەر وەڵام هەبێت، راستەوخۆ بۆ ئەو پرسە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری کەرکوک ئاگادار دەکرێتەوە.

قەڵای کەرکوک لە ساڵی 884ـی پێش زایین بنیاتنراوە و شوێنی چەندین شارستانییەت بووە، ساڵانێکە بەهۆی ئاڵۆزیی کەرکوک و بارودۆخی عێراق نۆژەنکردنەوەکەی فەرامۆش کراوە.