کیلۆی بە 30 هەزار دینارە

خواردنە شاهانەکەی باڵەکایەتی بۆ زستان زەخیرە دەکرێت

ئاکام غەفوور – باڵەکایەتی

خەڵکی گوندەکانی دەڤەری باڵەکایەتی سەرقاڵی ئامادەکردن و دروستکردنی “گریسە”ـن، کە یەکێکە لە خواردنە رەسەن و تایبەتەکانی ئەو ناوچەیە بۆ وەرزی زستان و بەهۆی بەها و تامە تایبەتەکەیەوە، دانیشتووانی ناوچەکە وەک خواردنێکی شاهانە سەیری دەکەن و تەنیا پێشکەشی میوانە ئازیزەکانیانی دەکەن.

گریسە، کە لە هەندێک گوندی ناوچەکەدا بە “کاکرەبۆ”ـش ناودەبرێت، لە کاکڵەی گوێز دروست دەکرێت. شێوازی ئامادەکردنەکەی بە جۆرێکە کە سەرەتا گوێزەکە دەبرژێنرێت و دواتر دەخرێتە ناو “جونی” (هاوەن) و دەکوترێت، تاوەکو بە تەواوی شل دەبێتەوە و شێوەی وەک تەحینی لێدێت؛ ئەم خواردنە بە پلەی یەکەم بۆ ژەمی بەیانیان بەکاردەهێنرێت.

پور حەلیم ئەحمەد، کە یەکێکە لە ژنە دەستڕەنگینەکانی باڵەکایەتی، بە 964ـی وت، “زیاتر لە 30 ساڵە من ئەم خواردنە دروست دەکەم، ئەوەندە تام و چێژێکی تایبەتی هەیە کە هەر کەسێک سەردانمان بکات، هەر لە دوورەوە بانگ دەکات و داوای گریسە دەکات.”

بە قسەی ئەو خانمە، ئامادەکردنی گریسە کارێکی ماندووکەرە و کاتێکی زۆری دەوێت، چونکە تەنیا قۆناغی کوتانی گوێزەکە لە ناو جونیدا زیاتر لە دوو کاتژمێر دەخایەنێت. هەر ئەم قورسییەی دروستکردن و تامە ناوازەیەشی وای کردووە نرخەکەی گران بێت و یەک کیلۆی بە 30 هەزار دینار بفرۆشرێت.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح