بووە پاڵەوانی خولی پلە یەک

یانەی هەولێر گەڕایەوە خولی نایابی کوردستان

+964
مەریەم ئەحمەد

یانەی وەرزشی هەولێر بە سێ گۆڵ بێ بەرامبەر لە یانەی زانكۆی جیهانی بردەوە و بووە پاڵەوانی خولی پلە یەكی كوردستان و گەڕایەوە خولی نایابی كوردستان.

ئەمرۆ چوارشەممە29.3.2023، لە گەڕی 19ـی خولی پلە یەكی كوردستان یانەی هەولێر میوانداریی یانەی زانكۆی جیهانی كرد.

یارییەكە لە یاریگەی فڕانسۆ هەریری بەڕێوەچوو، یانەكان لەگەل فیكەی ناوبژیوان دەستیان بە هێرشبردن كرد، بەلام لە گێمی یەكەم دا یارییەکە بێ گوڵ بوو.

لە گێمی دووەمدا یانەی هەولێر لە هێرشەكانی بەردەوام بوو تا خولەكی 51، یاریزان هۆگر حوسێن یەكەم گۆڵی بە لێدانی سزا تۆمار کرد، دواتر گۆڵی دووەم دانا عوسمان لە خولەكی 71 تۆماری كرد، گۆڵی سێیەمیش لە لایەن عەلی كاروان لە خولەكی 90+3 تۆمار كرا.

بەم ئەنجامە یانەی هەولێر بە 34 خاڵ بووە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان و گەڕایەوە ریزی یانە پلە نایابەکانیش، یانەی زانكۆی جیهانیش دابەزی بۆ خولی پلە دووی كوردستان بە 12خال.

یانەی هەولێر وەرزی رابردوو بۆ پلە یەکی کوردستان دابەزی، بەڵام ئەم وەرزە توانی بلیتی گەڕانەوە بۆ پلە نایاب بە پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا