ئاوی خواردنەوەی 65%ـی رانیە دابین دەکات

 قولەی رانیەش لە رەحمەتی بارانی ئەمساڵ بێبەش نەبوو

964+

ژیوار خدر – رانیە

بارانبارینە زۆرەکەی ئەمساڵ ئاوی قولەی رانیەی بۆ دووهێندەی ساڵی پار زیاد کردووە، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوەکە دەڵێت؛ رانیە کێشەی کەمئاویی بۆ دروست نابێت.

پڕۆژەکە ئاوی خواردنەوەی 65%ـی دانیشتوانی رانیە دابین دەکات.

کانیی پڕۆژەکە ساڵی پار 1500 مەتر سێجا ئاوی لە کاتژمێرێکدا تێدا هەڵقوڵاوە، بەڵام ئێستا رێژەکەی بۆ دووهێندە زیاد بووە.

ئاسۆ ئیبراهیم، لێپرسراوی پڕۆژەی ئاوی قولەی رانیە بە تۆڕی 964ـی وت “پڕۆژەکە ئێستا لە توانایدایە زیاتر لە 12 کاتژمێر ئاو دابین بکات”.

قولەی رانیە لە ساڵی 1965ـەوە لەسەر کانیاوێکی سروشتی لە سەنتەری شاری رانیە دروستکراوە.

“قولە 14 ترومپای گەورەی هەیە، ساڵی رابردوو بەهۆی کەمئاوییە چوار ترومپایان کاریان پێ کراوە، بەڵام ئەمساڵ حەوت ترومپایان لەکاردان”، کەمال محەمەد، سەرپەرشتیاری ترومپای پڕۆژەکە وای بە تۆڕی 964 وت.

تا ئێستا نزیکەی 550 مللیم باران باریوە و لە تەواوی ئیدارەی راپەڕینیش بارانبارین بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیکەی 80 مللیم زۆرتربووە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد