درامایەك خەریكە نێوانى عێراق و كوێت ئاڵۆز دەكات

964+

فەرهاد حەسەن

خەریكە زنجیرە درامایەكی كوێتی كە لە مانگی رەمەزاندا پەخش دەكرێت، نێوانی هەردوو وڵاتی عێراق و كوێت بەرەو ئاڵۆزی دەبات، لایەنی عێراقی داوای وەستاندنی كردووە، بەهۆی ئەوەی دەڵێت “سوكایەتییە بە ژنانی عێراق”.

زنجیرە درامای “دفعە لندن” لە بەرهەمهێنانی وڵاتی سعودیا و نووسینی “هیبە مەشاری” ژنە نووسەری كوێتی و دەرهێنانی “محەمەد بەكیر” دەرهێنەری میسریە و لە كەناڵی MBC1 پەخش دەكرێت.

ناوەڕۆكی دراماكە كە شەوی رابردوو چوارەمین ئەڵقەی پەخشكرا، تا ئێستا ئەوە بینراوە كە ساڵانی هەشتاكانە و چەند خوێندكارێكی عەرەب لە لەندەن لە بەشی پزیشكی دەخوێنن، چەند ژنێكی عێراقی پێشان دەدرێن كە خزمەتكاری ماڵان دەكەن و تۆمەتبار كراون بە دزيكردن.

بەهۆی ئەم نیگەرانییانەوە، لیژنەی رۆشنبیری و گەشتیاری و شوێنەوار و راگەیاندن لە پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا سەركۆنەی پەخشكردنی ئەو درامایە دەكات و دەڵێت “ئەم درامایە سوكایەتییە بە ژنانی عێراق”.

بەیاننامەكەی پەرلەمانی عێراق كە وێنەیەكی لای 964ـە داوای لە حكومەتی عێراق و وەزارەتەكانی رۆشنبیری و دەرەوە كردووە، پەیوەندی بە باڵوێزخانەی كوێت لە بەغداوە بكەن و داوای دەمودەست راگرتنی پەخشی زنجیرە دراماكە بكەن.

ئەوەش هاتووە، كە “بەردەوامبوونی پەیوەندی ئەرێنی نێوان كوێت و عێراق بەندە بە راگرتنی پەخشی زنجیرە دراماكە”.