نرخیشی بەرزکردووەتەوە
ئەمساڵ لەوەڕی گەرمیان بەدڵی مەڕوماڵاتەکەیەتی
964+
هونەر فارس – گەرمیان
بارانبارینە زۆرەکەی ئەمساڵ لەوەڕی گەرمیانی چاک خۆش کردووە، ئاژەڵدارەکان دەڵێن ئەمساڵ پێویست ناکات بۆ لەوەڕ گەشتی ناوچە کوێستانەکان بکەن.
سەرەڕای ئەوە، باشیی لەوەڕ نرخی ئاژەڵیشی بەرزکردووەتەوە.
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی کەلار، تەنها لە قەزای کەلار تا ئێستا زیاد لە 220 مللیم باران باریوە، بەڵام ساڵی رابردوو لەمکاتەدا تەنها 104 مللیم باریبوو.
عەلی محەمەدی ئاژەڵدارە و لە کەلار نیشتەجێیە، بە تۆڕی 964ـی وت “بەهۆی بێلەوەڕییەوە ساڵی رابردوو جوتێک مەڕ و بەرخ تەنیا 200 هەزار دیناریان پێدەدام، ئێستا 775 هەزارم پێدەدەن”.
دەشڵێت، ساڵانی تر لەمکاتەدا ئاژەڵدارەکان بەدوای دابینکردنی “کا”ـەوە بوون، بەڵام ئەمساڵ کەس پێویستی پێی نییە.
بە پێی سۆراغی تۆڕی 964، ساڵی رابردوو نرخی کیلۆیەک گۆشتی گیسک یان بەرخ بە بە زیندوویی بە شەش هەزار و 500 دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ لە نۆ هەزار دینار نزیک بووەتەوە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد
