کوردانی فەیلی داوا دەکەن کۆمەڵکوژکردنیان تۆماربکرێت
میدیازان – کوردستان ئەحمەد – هەولێر
بڕیارە رۆژی ١٦ی ئەم مانگە کوردانی فەیلی لە هەولێر کۆنفرانسێک ببەستن و داوا بکەن کۆمەڵکوژکردنیان لەلایەن رژێمی پێشووی عێراق بە فەرمی تۆمار بکرێت.
بەپێی بانگهێشتنامەکەی، کۆنفرانسەکە زانستییە و تایبەتە بە جینۆساید ناساندنی ئەو کارەساتانەی لەلایەن رژێمی بەعس بەسەریاندا هێندراوە.
کۆنفرانسەکە لە ١٦ تشرینی دووەم دەست پێدەکات و سێ رۆژ دەخایەنێت، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا.
هەریەك لە زانكۆی سەڵاحەدین، دهۆك و سۆران، به بەشداری چەندین ئەکادیمی، مێژوونوس، کهسایەتی شارەزای نێودەوڵەتی و ناوخۆیی لەم بوارەدا بەڕێوەدەچێت کە تێیدا دوایين توێژینەوە و ئەنجام و لێکۆڵینەوە و بەڵگەی مێژووی دەخەنەڕوو.
دكتۆر عەبدول رەحمان كەریم دەروێش سەرۆكی كۆنفرانسەكە لە گفتوگۆیەگدا لەگەڵ میدیازان باسی ئەوەی کرد، ئەم كۆنفرانسە وردەكاری زۆری تێدادەبێت دەربارەی فەیلیەكان و چەندین لێكۆڵینەوەی گرنگ دەخرێنەڕوو.
فەیلییەکان پێکھاتەیەکی نەتەوەیی کوردن لە دێرزەمانەوە لەسەر خاکی کوردستان ژیاون، بەپێی تۆمارەکانی خۆیان، یەکەم گروپی ئیتنیکی کوردن لە سەدەی بیستەمدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دووچاری کۆمەڵکوژی و راگواستن ھاتوون.
لە كۆنفرانسەكەدا بە وردی لەسەر دۆخی كوردانی فەیلی و جینۆساید و توندوتیژی و گرفتەكانی ژیانیان لێكۆڵینەوەی ورد دەخرێتەڕوو بۆ ئەوەی بەدوای گرفتەكاندا بڕۆن و چارەسەری بكەن، رێكخەری كۆنفرانسەكە وای بە میدیازان وت.
هەركەسێك دەیەوێت بەشداری لە كۆنفرانسەكەدا بكات دەتوانێت ناوی خۆی تۆمار بكات
https://genocide.krd/registeration/
، هەرکەسێکیش دەیەوێت لێکۆڵینەوەکەی رادەست بکات، لێرەوە وەردەگیرێت.
https://genocide.krd/abstract/
كۆنفرانسەكە بەخۆڕاییە، و توێژینەوەكان دەكرێنە پەرتوكێك و لە گۆڤاری زانستی زانكۆکاندا بڵاودەكرێنەوە.