دادگای گەرمیان سزای چوار ساڵ زیندانی بۆ دوو مێرمنداڵ دەردەکات

میدیازان – هونەر فارس – گەرمیان

سوتانی بەشێک لە پرسگەی باڵەخانەی قایمقامیەت و ئۆتۆمبێلێکی تاپۆ لە خۆپیشاندانەکانی ئابی ٢٠٢٠، بە چوار ساڵ سزا بەسەر دوو مێرمنداڵ شکایەوە، رۆژنامەنوسێکیش دەڵێت، لە دۆسیەی سزادانی ئەو دوو کەسەدا کار بە یاسای خۆپیشاندان نەکراوە.

دووای ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی لە خۆپیشاندانی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٠، بەهۆی نەبوونی هەلی کار و قەیرانی دارایی و داواکردنی مافەکانیان لە شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دەستیپێکرد و بەشێك لە پرسگەی بەردەم باڵەخانەی قایمقامیەت و ئۆتۆمبێلێکی تاپۆ سوتێندران، هەر ئەوکات سابر ئەحمەد و عەبدوڵا هیوا کە دوو لە خۆپیشاندەرەکان بوون بۆ ماوەی ١٢ رۆژ دەستبەسەرکران.

رۆژی ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ سەرۆکایەتی دادگای نەوجەوانانی گەرمیان، فەرمانی چوار ساڵ سزادانی بەسەر هەریەک لە سابر ئەحمەد محەمەدی تەمەن ١٧ ساڵ و عەبدوڵا هیوای ١٤ی ساڵ، بە تۆمەتی سوتاندنی موڵکی دەوڵەت دەرکرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیازان، سکاڵاکە کراوە لەلایەن شەهاب ئەحمەد، قایمقامی شاری کەلار و ئەکرەم رەزا، بەڕێوەبەری تۆماری خانوبەرەی گەرمیان و ئیبراهیم قادر کە پیشەی پۆلیسە و خاوەنی ئۆتۆمبێلەکەیە.

سزادانی ئەو دوو مێرمنداڵە، لەلایەن چالاکوان و رۆژنامەنووسانی گەرمیانەوە گلەی و رەخنەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

“یاساکە کۆنە و نابێت بۆ خۆپیشاندان بەکاربێت”

رۆژنامەنوسێک

کاروخ عومەر، رۆژنامەنوسێکە لە کەلار، لەوبارەیەوە بۆ میدیازان وتی، رەخنەی ئەوان لە سزادانی ئەو دوو مێرمنداڵە ئەوەیە کە کار بە یاسای خۆپیشاندان نەکراوە و یاسای سزادانیان لە دۆسیەکەیاندا بەکارهێناوە “کە یاسایەکی کۆنە و نابێت بۆ خۆپیشاندان بەکاربهێندرێت”.

دلێر کەریم، کەسوکاری یەکێک لە سزادراوانە، بۆ میدیازانی باسکرد، “ئەگەر ئۆتۆمبێلێک یاخود کابینەیەک سوتێندرابێت، خۆ رۆژانە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بەتاڵان دەبردرێت و لە ناوجەرگەی هەولێر و سلێمانی و گەرمیاندا خەڵک تیرۆر دەکرێت، ئەی بۆ ئەوانە تاوان نین؟”.

بەگوێرەی مادەی دەیەمی یاسای رێکخستنی خۆپیشاندانی ساڵی ٢٠١٠، هەرکەسێک سەرپێچی حکومەکانی ئەم یاسایە بکات سزای بەندکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت کە لە مانگێک زیاتر نەبێت، یاخود سزای پێبژاردن کە لە ٥٠ هەزار کەمتر نەبێت و لە ٥٠٠ هەزار زیاتر نەبێت.