یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان

“مەشروب خۆرەکان 40 رۆژ بێ ئیمان نابن و رۆژوویان قبووڵە”

964+

فەرمان سادق

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئەو کەسانەی خواردنەوە کحولییەکان دەخۆنەوە و بە رۆژوو دەبن، دەڵێت، رۆژوویان قبووڵە و ئەوەش راست نییە 40 رۆژ بێ ئیمان دەبن.

دکتۆر عەبدوڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، مەسەلەی خواردنەوەی کحول و نوێژکردن، وەک ئەوە وایە ژنێکی سفور نوێژ بکات، ئەو بابەتانە جیاوان، ئەو کەسەی عارەق دەخواتەوە گوناحی خۆی پێدەگات، رۆژووش بگرێت ئەوا “ئینشاڵا خودا لێی وەردەگرێت، بەهەمان شێوەش بۆ ئافرەتانی سفور”.

ئەو قسەیەی دکتۆر عەبدوڵا وەیسی، دوای لێدوانێکی دکتۆر عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی دێت کە رایگەیاندبوو نوێژ و رۆژووی ئەو کەسانە قبووڵە کە خواردنەوە کحولیەکان دەخۆنەوە.

سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان لە رێگەی تەلەفۆنەوە بۆ 964 قسەی کردووە و ئاماژە بە بنەمایەکی فیقهی دەدات کە بە رووکەش نوێژ و رۆژوویان قبووڵە، بەڵام ئەوەی دیکە “لای خودایە کە نهێنییەکەیە”.

لەبارەی  ئەوەی خواردنەوەی کحولییەکان بخواتەوە ئەوا 40 رۆژ بێ ئیمان دەبێت، دکتۆر عەبدوڵا دەڵێت: ئەمە هیچ بنەمایەکی شەرعی نییە بەڵکو پرسێکی کۆمەڵایەتی بووە بۆ ترساندنی خەڵک، هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی خەڵک لە خواردنەوە کحولییەکان دوور بکەونەوە.