لە 2019ـەوە چاوەڕێی پشکنینی DNA دەکەن
زیاتر لە 500 رووفاتی ئێزیدی لە بەغدان
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
نزیکەی 500 رووفاتی کەسوکاری قوربانیانی ئێزیدییەکان لە پزیشکی دادی بەغدان و سێ ساڵە چاوەڕوانی پشکنینی DNA دەکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
لە 15.3.2019 یەکەم گۆڕی بە کۆمەڵ لە گۆندی کۆجۆ هەڵدرایەوە، تا ئێستا لەکۆی 90 گوڕ لەسنوری شنگال تەنیا 43 گوڕ هەڵدراونەتەوە، ئەو پڕۆسەیەش لەلایەن فەرمانگەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان هێشتا کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە.
بەپێی دوا ئامار لەبارەی رووفاتی ئێزیدیییەکان، تاوەکو ئێستا 162 رووفات گەڕێندراونەتەوە و کە گۆڕستانی کۆجۆ بەخاک سپێردراون و نزیکەی 500 رووفاتیش هێشتا ماون.
خەیری عەلی، بەرپرسی رێکخراوی بەتریکور بۆ مافی مافی مرۆڤ لەشنگال بە 964ـی وت، بەپێی بەدواداچوونەکانمان هۆکاری دواکەوتنی نەگەڕانەوەی ئەو رووفاتانە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە بەشێک لە کەسوکاری ئەو رووفاتانە لە دەرەوەی وڵاتن تا پشکنینیان تەواو بێت کاتێکی زۆر پێدەچێت، کارەکە ئاوا ئاسان نییە و پێویستی بە زانیاری ورد و دەرکەوتنی ئەنجامی پشکنینەکانە، هەندێکیان بە مانگێگ تەواو نابن، زۆرجار داوامانکردووە پەلە بکرێت، چونکە زیاتر لە دووساڵە کەسوکاریان لە چاوەڕوانیدان.
“بەرپرسانی فەرمانگەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و پزیشکی دادی بەغدا بە ئێمەیان وتووە ئەندامانی تیمەکەمان کەمن و ئەو بودجەیەی بۆ ئێمە دابینکراوە کەمە پێویستە زیادبکرێت”. خەیری عەلی وای وت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق