ویستویانە 23 ملیار دینار بۆ خۆیان گلدەنەوە

964+
فەهمی نەبی

دەستەی دەستپاکی عێراق رایدەگەیەنێت، تیمەکانیان توانیویانە 25 فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی و دوو بەڕێوەبەری ئەو دەزگایە لەبەغدا دەستگیربکەن کە بەنیازبوون زیاتر لە 23 ملیار دینار بۆخۆیان گلدەنەوە.

راگەیەنراوەکەی دەستەی دەستپاکی ئەمڕۆ 23.3.2023 بڵاوکراوەتەوە.

ئەو 25 فەرمانبەرە هاوکات جێگری بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەری ژمێریاری فەرمانگەی چاکسازییان لەگەڵ بووە.

تیمەکەی دەستەی دەستپاکی بڕیاری دادوەریان پێ بووە و خۆیان کردووە بە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی بەغدا، ئەو فەرمانبەرانە بەنیازبوون لەرێگەی دروستکردنی مامەڵەی ساختەوە بڕی 23 ملیار و 362 ملیۆن و 650 هەزار دینار بۆخۆیان هەڵبگرن

ئەو فەرمانبەرانەی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی 502 مامەڵەیان ساختەکردبوو لەبەرژەوەندی کۆمپانیای نیشتیمانی پیشەسازی کانزا و پایسکل.

دەستەی دەستپاکی رایدەگەیەنێت ئەو پرۆسەیە بە فەرمانی دادوەر بەڕێوەچووە و دوای بڕیاری دادوەر ئەو کەسانە دەستگیرکراون.