بازارێکی تایبەت بە شەوانی رەمەزان لە دهۆک دەکرێتەوە
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
لە دهۆک بازاڕێکی تایبەت بە کەلوپەل و پێویستییەکانی مانگی رەمەزان دەکرێتەوە، کە داشکاندنی گەورەشی بۆ کراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23.3.2023، بۆ یەکەمجار بازاڕی شەوانی رەمەزان لە تێرمیناڵی دهۆک بە رووی خەڵکدا کرایەوە.
بازاڕەکە 40 شوێنی جۆراوجۆرە و پێداویستی و کەلوپەلی تایبەت بە مانگی رەمەزان بە داشکاندێکی گەورەوە دەفرۆشرن.
بازاڕەکە دەکەوێتە تێرمیناڵی دهۆک، رۆژانە حەوت پاس بێ بەرامبەر هاوڵاتیان دەگوازنەوە بۆ ناو بازارەکە.
ئەحمەد حازم، بەرپرسی راگەیاندنی بازاڕی شەوانەی رەمەزان لە تێرمیناڵی دهۆک بە 964ـی وت “ئەمڕۆ دوای بەربانگ بازارەکە بە رووی خەڵکدا دەکرێتەوە، یەکەمجارە لە دهۆک بازارێکی تایبەت بە شەوانی رەمەزان بکرێتەوە، 40 شوێنی جۆراوجۆر لە بازارەکەدا هەن، کەلوپەل و پێداویستی تایبەت بە رەمەزان وەک کۆمەلێک جۆری خورما، شیرینی، چەرەزات، پاککرەوە، قوماشی ئافرەتان، کافتریا، چێشتخانە، هەموو شتەکان داشکاندنی لەسەدا 70 بۆ 80ـی هەیە لەسەر کۆی شتەکان، جگە لەمەش شەوانە پشکنینی شەکرە و پەستانی خوێن بێ بەرامبەر بۆ خەڵک دەکرێت”.
ئەحمەد حازم دەشڵێت: رۆژانە لە دوای بەربانگ تا کاتی پارشێو بازارەکە کراوەیە، هەروەها هەماهەنگی کراوە لەگەڵ ئەوقاف بۆ کردنەوەی پێشبێرکێی تایبەت بە تەجوید، هاوکات پێشبڕکێی یاریی کوردی (گوستیلانە) دەکرێت لە کوتایشدا ئەو تیمەی سەردەکەون خەڵات دەکرێن.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق