نەورۆز لە دوو دەستنووسی کۆندا وەک جەژنێکی کوردی ناودێرکراوە

964+
فەهمی نەبی

لێکۆڵەرێکی کورد دوو دەستنووسی کۆن بڵاودەکاتەوە کە مێژووی یەکێکیان بۆ 800 ساڵ و ئەوەی دیکەیان بۆ 700 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لە هەردوو دەستنووسەکە نەورۆز وەک جەژنێکی کوردی ناودێرکراوە.

رزگار جەباری لێکۆڵەری بواری دەستنووسە کۆنەکان، بۆ 964 قسەیکرد وتی “ئەو دوو دەستنووسە لە مۆزەخانەی میللی ئێران پارێزراون و بە PDF لای منە، لە یەکێک لەو دەستنووسانە نوسراوە (احکام نوروزنامە کردیە) حوکمەکانی نەورۆزنامەی کوردی کە بەزمانی عەرەبییە، ئاماژە بە نەورۆز دەکات وەک جەژنێکی کوردی”.

بە وتەی رزگار جەباری، باسی حوکمەکانی نەورۆزنامەی کوردی لە کتێبی “اشجار و ا‌مار” لە ساڵی 600ی کۆچی کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 800 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لەلایەن مەلا عەلیشاه کوڕی مەلا قاسم خوارەزمی نوسراوە، کتێبەکە باس لە بورج و بەخت و پێشبینی دەکات.
بە گوێرەی زانیاری ئەو لێکۆڵەرە، کتێبە یەکجار باسی نەورۆز دەکات بەناوی “احکام نوروزنامە کردی” لەو بەشە بەڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە نەورۆز جەژنێکی کوردییە.

رزگار جەباری، باسی دەستنووسێکی تر دەکات بەناوی “سفینە تبریز” لەساڵی 1323 لەلایەن ئەبولمەجد تەبریزی واتا 700 ساڵ لەمەوبەر نوسراوە.
دەستنووسەکە 200 نامەی تێدایە لەبوارەکانی بیرکاری، مۆسیقا، پزیشکی، فەلسەفە و ئەدەبیات، لەبەشی 124 چەندین دێڕە شیعری بەشێوەزاری فەهلوەی کوردی تێدایە، لەو شیعرانە نەورۆز وەک جەژنێکی کوردی ناودێرکردووە و بە “نەوڕۆژ” ناویهێناوە و لەدێرە شیعرێک بەمجۆرە هاتووە
ئەی خوانەد وە هیچنان عەید و نەوڕۆژ
وا منی کەس کی سەبر ئاموە بۆژ
دڵم خانی خودر در کاروانان
تەهرە سامان رەسی ئەندۆ وەر رۆژ
رزگار جەباری نوسەر و لێکۆڵەرێکی کەرکوکە، لەبواری گەڕان بەدوای دەستنووسە کۆنەکان شارەزایی هەیە.